باشووری ئەفریقا، بەهۆی ئاگرەوە ٧٤ کەس گیانیان لەدەستدا کە ١٢ کەسیان منداڵ بوون

دەرگا داخراوەکان ڕێگریان لە دەربازبوون و ڕزگاربوون لە دانیشتووانی ئەو شارە کرد، کە لە باڵەخانەیەکی حکومی پێنج نهۆمی لە شاری جۆهانسبێرگ لە باشووری ئەفریقا کەوتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

٣١ی ئاب لە ناوەندی شاری جۆهانسبێرگ لە باشووری ئەفریقا، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی لە پایتەختی ئابووری ئەفریقای باشوور، ٧٤ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ١٢ منداڵ و ٢٤ ژنن، نزیکەی ٦٠ برینداریش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی نزیک شوێنی ڕووداوەکە.

 

هۆکاری پشت هەڵگیرسانی ئاگرەکە نادیارە، لە پەنجەرەی باڵەخانەکانەوە، ناچاربوون بۆ ڕزگاربوون منداڵانی ساوا فڕێ بدەنە خوارەوە، بەگوێرەی ئاژانس فرانس پرێس، سەرۆکی ئەفریقای باشوور ئاگرەکەی بە کارەساتێکی گەورە پێناسە کردووە و بەڵێنی داوە قەیرانی نیشتەجێبوون چارەسەر بکات، شایەتحاڵەکان ڕایانگەیاندووە کە بینا پێنج نهۆمییەکە بەدەست کێشەی گەورەی سەلامەتییەوە دەناڵێنێت.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، بەرپرسانی ناوخۆ ڕایانگەیاندووە، بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاگرەکە لە نهۆمی خوارەوە دەستیپێکردووە، هەر ئەوەندە دانیشتووانەی بینیویانە بە بڵێسەی ئاگر دەورە دراون و دەرگاکانی بەتەواوی داخراون و گیریان خواردووە.

 

بیناکە هی شارەوانییە و بە شێوەیەکی نایاسایی خەڵک تێیدا نیشتەجێیە، بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆر لەوانەی دەیانەوێت لە سەنتەری شار بمێننەوە لەوێ نیشتەجێن و توانای کرێی خانووەکەیان نییە، بیناکە دەکەوێتە گەڕەکێکەوە کە بەدەست نائەمنیەوە دەناڵێنێت لە وڵاتێکدا کە شایەتحاڵی بەرزترین ڕێژەی تاوانە لە جیهاندا، بۆیە دەرگای پارێزراو و قوفڵکراوی تێدابوو.

 

ئەندامێکی ئەنجومەنی شارەوانی جۆهانسبێرگ کە سەرپەرشتی سەلامەتی گشتی دەکات، بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕوونکردووەتەوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی پشت ڕزگارنەبوونی خەڵک، دەروازەیەک بووە کە مەبەست لێی ڕێگریکردن بووە لە دزیکردن، ئاماژەی بەوەشکرد، دیزاینی ناوەوەی بیناکە ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ زوو سووتانی.

 

سەرۆکی ئەفریقای باشوور ئاماژەی بەوەکرد، ئاگرەکە یەکێکە لە کوشندەترین ئاگرکەوتنەوەی باڵەخانەکان لە بیست ساڵی ڕابردوودا، لەناو  پۆلێنەکانی جیهاندا، چونکە ژمارەی قوربانییەکانی لە ژمارەی قوربانیانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ی ئاگرکەوتنەوەی تاوەری گرێنفێڵ کە ٢٤ نهۆمییە و ٧٢ کەس گیانی لەدەستدا، زیاترە.