ژنانی چالاکوان: تۆڕی ژنان گرنگە بۆ پێشخستنی شۆڕشی ژنان
ژنانی چالاکوان جەختیان لەوە کردەوە هەموو کۆبوونەوە و کۆنفڕانسەکان دەریانخست پرسی ژنان هاوبەشن و بە هەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، لەسەر بنەمای ئەمەش پێویستە ئەزموونەکان لە نێوان وڵاتە جیاوازەکانی ناوچەکەدا هاوبەش بکرێن.
زهور مەشرەقی
تونس- بەشداربووانی کۆنفرانسی ناوچەیی ژنان، کە لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی ئاب لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بە دروشمی "بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ئەزموونی ژنان بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانە هەرێمییەکان" بەڕێوەچوو، کۆکن لەسەر پێویستی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی هەرێمی ژنان، کە چارەسەری پرسەکانی وەک، بەربەست لەبەردەم ژنان و ڕێگریکردن لە گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی. چالاکوانانی ژن و مافی مرۆڤ بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد و جەختیان لە پێویستی بەپەلەی هەماهەنگی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی تیشک بخرێتە سەر پرسی ژنان.
مەیادە عەرەبۆ، نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە لە لوبنان، ڕوونیکردەوە لە کۆنفرانسەکەدا تیشک خرایەسەر ئەزموونی بزووتنەوە فێمینیستە جۆراوجۆرەکان کە هاوبەشن لە داواکاری ڕزگاری و ئازادی و یەکسانی و ئەو فکرەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان لە مێژەوە داوای دەکات، وتیشی: کۆنفرانسەکە دەستی خستە سەر کێشەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، باسیان لەو نادادپەروەرییەیان کرد لە کۆمەڵگەکاندا ئەزموونیان کردووە و هەوڵیانداوە چارەسەر بۆ ئەم کێشانە بدۆزنەوە بە داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی.
ناوبراو ئاماژەی بە گرنگی داواکاری ژنان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دا، چونکە ئەمە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر داکۆکیکردن لە پرسەکانی ژنان.
"تۆڕی فێمێنستی گرنگە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی فکری ژنان"
ئەنجێلا ئەلمەعمەری، چالاکوانی ژنان لە یەمەن و ئەندامی هاوپەیمانی "نادا"، ئاماژەی بەوەکرد، گرنگی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە لە تیشک خستنە سەر ئەزموونە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەکانی ژنان لە ناوچەکە و باکووری ئەفریقادایە، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن و ڕێڕەوێک ڕێکبخەن و شۆڕشەکە بەرەو ئاڕاستەیەکی دروست بڕوات.
پێی وابوو کە فێربوون لە ئەزموونی ناوازەی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا و ئەزموونی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە تایبەتی، تیشک خستنە سەر ڕادەی بەشداریکردن و یەکسانی ڕاستەقینەی نێوان ڕەگەزەکان، دەبێتە پاڵنەرێک بۆ دەستپێکردنی شۆڕشی ژنان، هەروەها ئەوان وەک ژن، هەوڵ دەدەن بناغەکانی هاوبەشی لەگەڵ کورد و نەتەوە و ناسنامە جۆراوجۆرەکان پەرەپێبدەن.
"پێویستە ژنانی یەمەن ئەزموون لە شۆڕشی ژنانی کورد وەربگرن"
سەبارەت بە بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەتمەند بە پێدانی مافەکانی ژنان و پاراستنیان لە ژێر ڕۆشنایی ململانێکان، وتی: "لە ژێر ڕۆشنایی ململانێی بەردەوامی یەمەن، ژنان پێویستیان بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە"، دەربارەی چۆنیەتی وەرگرتنی ئەزموون ژنانی یەمەن لە ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوونیکردەوە، لە ڕاستیدا ژنانی یەمەن لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە پێشەنگی گۆڕەپانەکەدا بوون، بەڵام ساڵانێکە پێشێلکاریان بەرامبەر دەکرێت و مافیان زەوت دەکرێت بۆیە گرنگە ژنانی یەمەن ئەزموونی ژنانی کورد لە بەرگریکردن لە خۆیان و مافەکانیان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئازادی خۆیان لە بەرامبەر لایەنە ناکۆکەکانی ئەو وڵاتە وەربگرن.