ڕژاک لە ساڵیادی شەنگالدا: پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک گەورەترین وەڵامە بۆ دوژمنان

ڕژاک لە ٩یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگالدا ڕایگەیاند، خۆڕاگری و بەرخۆدانی گەلەکەمان و ھەموو پێکھاتەکان بەرجەستەکردنی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک گەورەترین وەڵامە بۆ دوژمنان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٩ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە شەنگال تێپەڕ دەبێت، کە تیایدا داعش کۆمەڵکوژی گەورەی ئەنجامدا و بە هەزاران ژن و منداڵ و پیاو ئاوارەبوون و کوژران و لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا نێژران، هەزاران ژن لە بازاڕی کۆیلەدا فرۆشران و مامەڵەیان پێوەکرا.

 

لەم ساڵیادەدا، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان-ڕژاک بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، نۆ ساڵ بەسەر ٧٤هەمین فەرمانی سەر گەلی ئێمەی باوەڕ ئێزیدیدا ئەنجام دەدرێت لەلایەن دڕەندەترین گروپی تیرۆریستی جیهانی داعش، زلهێزانی جیهان و بەشێک لەو هێزە هەرێمییە نەتەوە پەرستانەی، کە دەیانەوێ ھەژموونی خۆیان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست فراوان بکەن و پرۆژەی پارچەکردنی گەلان بە ئەنجام بگەیەنن، لە ڕێگەی سیاسەتی بەرپاکردنی شەڕی ئایینی و تائفی لە نێوان گەلانی ناوچەکە، شەڕی قڕکردن و نکۆڵیکردن و کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد لە ئەولەویەتی سیاسەتیاندایە و بە تایبەتیتریش بەرامبەر گەلی باوەڕ ئێزیدی.

 

لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، پاش ئەوەی شەنگال لەلایەن شەرڤانانی یەژەشە و یەبەشە ئازاد کرا، هاوکار بوون لە گەڕانەوەی هەزاران ژن بۆ ناو خێزانەکانیان، دامەزراندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری لەلایەن گەلی شەنگال، بەرێکخستنێکی تۆکمە و بە پێشەنگایەتی ژن و بوونەتە نموونەی بەرخۆدان و خۆڕاگری و ڕێکخستنی، کە لە خۆپاراستنی جەوھەریدا نموونەی ھەرە بەرچاوی ناوچەکەن، توانیان ببنە نموونەی ژنی ئازاد کە ھەموو جیھان شانازییان پێوە بکات.

 

ڕژاک، دەربارەی ئەو کۆمەڵکوژییانەی بەرامبەر گەلانی ناوچەکە دەکرێت و زیاتر ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، وەک ئەوەی بەرامبەر بە ژنانی ئەفغانستان دەکرێت، لە ھەموو جۆرە قەدەغە کردنێک و کوشتنی ژنان لە ژێر کۆمەڵێک پاساوی ئاینی و توندڕەوی، دیکتاتۆریەت و زھنیەتی پیاوسالاری، ئەو ھێرشانە ئەمڕۆ بە هەمان زهنیەت لەلایەن دەوڵەتی تورکیای فاشیستەوە لەسەر شەنگال بەردەوامە.

 

لە کۆتاییدا ڕژاک جەختی کردەوە، "خۆڕاگری و بەرخۆدانی گەلەکەمان و ھەموو پێکھاتەکان بەرجەستەکردنی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک گەورەترین وەڵامە بۆ دوژمنان، وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان جارێکی دیکە شەھیدانی ٣ـی ئاب و ھەموو شەھیدانی ڕێگای ئازادی بە بیردەھێنینەوە و بەڵێنی بەرزکردنی تێکۆشان لەپێناو ئازادی ژن و کۆمەڵگە و گەلەکەمان دەدەین".