ژنێکی گەنجی ڕفێنراو ڕزگار کرا

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، بڵاوی کردەوە، کچێکی ١١ ساڵیان ڕزگار کردووە، کە لەلایەن کوڕێکەوە بەرەو سنوری هەولێر و دهۆک ڕفێنراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان-سلێمانی ڕایگەیاند بە هەماهەنگی نوسینگەکانیان لە دهۆک و ئاسایشی دهۆک، کچێکی ١١ ساڵ ڕزگار بکەن، کە لەلایەن كوڕێكەوە بەرەو سنوری هەولێر‌ و دهۆك ڕفێندراوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان-سلێمانی دوای دەستگیرکردنی کچ و کوڕەکە لە شاری دهۆک، گەڕێنراونەتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی، كچە ١١ ساڵەکە لە خانەی داڵدەدراوی ژنانی هەڕەشەلێكراو بە مەبەستی دڵنیا بوون لە سەلامەتی تەندروستی و ئاگاداركردنەوەی كەسوكاری كە پێشتریش بەردەوام لە پەیوەندیدا بووین دانراوە، پاش گفتوگۆ لە ڕێگەی كەسانی یاسایی ‌و توێژەرانی كۆمەڵایەتی ‌و دەروونی، کچەکە گەڕێنراوەتەوە ماڵەوە.

 

كچەكە، کە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارەکە تۆمار کردووە، لە قسەکانیدا باسی لەوە كرد، تۆمەتبارەكە بە زۆر ڕفاندوویەتی و هەڕەشەی كوشتنی لە خۆی ‌و باوكی ‌و براكەی كردووە، ناچاری كردووە كە بڕێك پارەش لە ماڵەوە بهێنێت بە نیازی ئەوەی كە دەچنە دەرەوەی هەرێم، بۆیە ناچار شوێنی كەوتووە.