ژنانی کۆبانێ پشتگیری لە بڕیاری دادگاییکردنی داعش دەکەن

ژنانی ناحیەی سرین لە ناوچەی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە کوڕەکانیان لەلایەن داعشەوە کوژراون، پشتیوانی خۆیان لەگەڵ بڕیارەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی داعش لە زیندانەکاندا دەربڕی.

کۆبانێ

 

لە مانگی حوزەیراندا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڕیارێکی دەرکرد بۆ دەستپێکردنی دادگاییکردنی دەستگیرکراوەکانی داعش لەو زیندانانەی کە دەکەونە ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان لەسەر تیرۆر ئەنجام دەدرێت.

 

لە میانەی ئەو هەڵمەتە ڕزگاریانەی کە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە هەموو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامیاندا، لە کۆبانیەوە تا باغوز، زیاتر لە دە هەزار چەکداری داعشیان دەستگیرکرد کە تا ئێستاش لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرەوە دەستبەسەرن.

 

ناحیەی سرین سەر بە کانتۆنی کۆبانیە و بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێر دەستی داعشدا مایەوە، یەکێک بوو لەو ناوچانەی لە ٢٧ی تەمموزی ٢٠١٥ لەلایەن چەکدارانی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە ڕزگار کرا.

 

"داعش خەڵکی بێتاوانی دەکوشت"

مەریەم موسا، تەمەن ٦٠ ساڵ دەڵێت: ناوچەی سرین لەژێر دەسەڵاتی داعشدا ئازار و کارەساتێکی زۆری بەخۆوە بینیوە، کە هەرگیز نادادپەروەری و ترسێکی وامان بە خۆمانەوە نەبینیبوو، وەک چۆن بووە هۆی کوشتنی چەندین کەسی بێتاوان، لە بۆنەیەکدا گەنجێکی بێتاوانیان هێنایە گۆڕەپانەکە و بە ترسناکترین شێوە کوشتیان، بۆیە خەڵکەکە ئازارێکی زۆریان دەبینی.

 

مریەم موسا دەڵێت: "ئەمڕۆ دوای ئازادکردنی سرین، ئێمە لەسەر خاکی خۆمان بە ئارامی و ئاسایش دەژین، لە سایەی خوێنی شەهیدەکانمانەوە کە لەپێناو ژیانێکی ئازاد و سەلامەتدا گیانیان بەخت کرد"، باسی لەوەش کرد، کوڕەکەی پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کردووە و بەشداری لە ڕزگارکردنی ناوچە و شارەکاندا کردووە، دوای ئەوە لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی باغۆز بە دەستی داعش شەهید بووە.

 

سەبارەت بە پشتیوانی خۆی لەگەڵ بڕیارەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، دەڵێت: وەک دایکی شەهیدێک پشتیوانی بڕیارەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرم بۆ دادگاییکردنی داعش، بۆ ئەوەی ئێمە بە سەلامەتی و ئارامی بژین، هەروەک چۆن داعش خەڵکی بێتاوانی کوشت، دەبێت لەبەردەم چاوی جیهاندا سزا بدرێن.

 

"بوونی ئەوان لە زیندانەکاندا مەترسی لەسەر ئێمە دروست دەکات"

بەهیە عەلی تەمەن ٣٨ ساڵ دەڵێت: هاوژینەکەم شەڕڤانێک بووە لە ڕیزەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە مەبەستی بەرگریکردن لە خاکەکەی و پاراستنی ئێمە، هەروەها لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی بەنداوی تشرین بە دەستی داعش شەهید بوو، داعش بەنهێنی هاتبووە ناو هەرێمەکە و دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە، نادادپەروەرییەکی زۆریان بەرامبەر بە بێتاوانەکان کرد، لەنێویاندا ژن و منداڵ و بەشێوەیەکی دڕندانە خەڵکیان دەکوشت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەژێر بوونی داعشدا ژنان زیاتر لە چەوساندنەوە و توندوتیژی و ئەشکەنجەدان بوون، بەو پێیەی توندترین یاسا و سزایان بەسەردا دەسەپاندن، بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین ژنان ئەوانەن کە زۆرترین ئازاریان بینیوە لە ژێر دەستی داعشدا لە هەموو ڕوویەکەوە لە سەرەتاییترین مافەکانیان زەوت کران، بەڵام هێزەکانمان شەڕیان کرد، بۆ ئەوەی کۆتایی بە داعش بهێنن، بەڵام بە تەواوی لەناو نەچوون، تا ئێستاش شانەکانی داعش لەو ناوچەیەدا هەن.

 

لەکۆتاییدا بەهیە عەلی دەڵێت: بڕیاربوو هەر لەسەرەتاوە بڕیارێک لەدژی داعش دەربکرێت، چونکە بوونی ئەوان هێشتا مەترسی لەسەر ژیانمان دروست دەکات، بۆیە دەبێت ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بڕیاری لێپێچینەوە و ناردنی بیانییەکان لەگەڵ منداڵ و ژنەکانیان بۆ وڵاتەکانیان خێراتر بکات.

 

"ئێمە دەمانەوێت دادگایی ئەو کەسانە بکرێت کە سێ کوڕمیان گرتووە و کوشتوویانە"

هەڵاڵە دکدوکی تەمەن ٦٧ ساڵ، ڕوونیکردەوە، داعش هەڵیکوتایە سەر ماڵەکەی و یەکێک لە کوڕەکانی کوشتووە و کوڕێکی دیکەی دەستگیرکردووە و کەلوپەلی تایبەتی خۆی دزیوە، پێیان وتوون ئەگەر من واز لە گەڕان بەدوای کوڕەکانیدا نەهێنێت، هاوژینەکەیشی دەبەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای تێپەڕبوونی کات، بیستمان ئۆتۆمبێلی کوڕەکەم لە شاری ڕەققەیە، چووین بۆ گەڕان بەدوای هەر زانیارییەک لەسەری، بەڵام کوڕی دووەمم لەدەستدا، کاتێک یەکێک لە داعشەکان خۆی تەقاندەوە"، سەبارەت بە کوڕە سێیەمەکەی کە پەیوەندی بە هەڵمەتی ڕزگارکردنی ڕەقەوە کرد، ئەویش لەلایەن داعشەوە کوژرا، سەبارەت بە پاڵپشتیکردنی بۆ بڕیارەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، هەڵاڵە دکدوک ئاماژەی بەوەدا، "من لەگەڵ ئازاری لەدەستدانی دوو شەهیددا دەژیم و دیلێکی داعشم، چۆن ناتوانم پشتگیری بڕیاری لێپرسینەوەیان لێبکەم و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکەم؟"