لە هەولێر گوندنشینان و ئاژەڵداران لە مەترسییەكانی مین و تەقەمەنی هۆشیار دەكرێنەوە

بە ئامانجی هۆشیاری زیاتری خەڵک لەگەڵ مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەی تەقەمی جەنگی، لە هەولێر گوندنشینان و ئاژەڵداران لەمەترسییەكانی مین و تەقەمەنی هۆشیار دەكرێنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی هۆشیاركردنەوەی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێردا هاتووە: لە درێژەی پلانی هۆشیاركردنەوەدا تیمەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە، گوندنشینان و ئاژەڵدارانی سنوری پارێزگای هەولێر‌و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەمەترسییەكانی مین و تەقەمەنی هۆشیاردەكرێنەوە لەڕێگەی پەیام و بڵاوكردنەوەی نامیلكەو پۆستەری تایبەت بە مین و مەترسییەكانی و چۆنیەتی خۆپاراستنیان.


ئاماژە بەوەش کراوە، ئامانج لەو بەرنامەیە بەمەبەستی هۆشیاری و وریایی زیاتری هاونیشتیمانیانە لە چۆنیەتی مامەڵەكردنیان لەگەڵ مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی و بۆ ئەوەیە كە هاونیشتیمانیان سەلامەت بن و دووربن لە ڕووداو و كارەساتەكانی تەقەمەنی بەگشتی، هاوكاری دەزگا و تیمەكانی سەر بە دەزگای مین بكەن و خۆیان و خەڵكانی دیکە دوور بن لە ڕووداوی نەخوازراو.


لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، هەرلە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی هۆشیاریدا ژمارە ١٨٢ی هێڵی گەرمی دەزگای مین بە هاوڵاتیان ئاشنا دەكرێت، كە بۆ خزمەتی ئەوان كارمەندانی دەزگای مین بەردەوام لەسەر هێڵن و ڕێنمایی پێویستیان پێدەدرێت لە گەیاندنی زانیاری لەسەر ناوچە مەترسیدارەكان و بۆ بەهاناوەچوونیان لە كاتی پێویستدا.