بەردەوامی ناڕەزایەتی گەل دژ بە لەسێدارەدان

دوابەدوای شەپۆلی لەسێدارەدانی زیندانیان لە ئێران، ناڕەزایەتی ئازادیخوازان لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان توندتر بووە، کۆمەڵێک لە سینەماکارانی ئێرانیش لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی فیلمی کان ناڕەزایەتیان دژی سێدارە دەربڕی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژەی شەپۆلی لەسێدارەدانی زیندانیان لە ئێران، شەوی ڕابردوو ئازادیخوازانی شارەکانی ئێران و کوردستان لە دژی سزای سێدارەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران هاتنە سەر شەقامەکان.

 

خۆپیشاندەران لە مهاباد، سنە، کرماشان، ئیلام، ئەبدانان، تاران، ئەسفەهان، ئەسفراین و چەند شاری دیکە بەربەستیان دروستکرد، ئاگریان بەردایە بارەگاکانی بەسیجی و سوپا و لافیتەی حکومەت و دروشمەکانی "مەرگ بۆ کۆماری سێدارە، ڕاپەڕین بەردەوامە، لە کوردستان تا تاران گیانم فیدای ئێران، مەرگ بۆ ڕژێمی خەڵک کوژ" وترانەوە و جەخت لەسەر بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان تا سەرکەوتن و ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران کرایەوە.

 

ناڕازییان و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی، بە بڵاوکردنەوەی بانگەواز و بڵاوکراوە و بەیاننامەی جۆراوجۆر، بە مەبەستی ڕاگرتنی هەڵمەتی سێدارەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی یەکگرتوویی و  هەنگاونان بەرەو دیموکراسی، خوازیاری ئامادەبوونی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە شەقامەکان بوون.

 

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ، ٢١ی ئایار کۆمەڵێک لە سینەماکارانی ئێرانی بەشدارییان لە فەرشی سووری فێستیڤاڵی فیلمی کان کرد و ناڕەزایەتیان دژی سزای سێدارە دەربڕی، بەتایبەت لە سێدارەدانی ٣ خۆپیشاندەری شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"

 

ئەم هونەرمەندانە بە هەڵگرتنی وێنەی خۆپیشاندەرانی زیندانیکراو و لەسێدارەدراو، پشتیوانی خۆیان بۆ ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی ئێران ڕاگەیاند و بە توندی ئیدانەی سێدارەیان کرد، تیری فرمۆ، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە، بەشداری ناڕەزایەتییەکە بوو و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران لە دژی ڕژێم کرد.