بەهێزکردنی بزوتنەوەی فێمینیزم لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کرا

لە دیدارێکی دوو ڕۆژەدا هاوپەیمانی ژنانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی چەمکە جێندەرییەکان و بەهێزکردنی بزوتنەوەی فێمینیزم لە هەرێمی کوردستان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژانی ١٠-١٩ی ئایار لە شاری سلێمانی، هاوپەیمانی ژنانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دیدارێکی دوو ڕۆژەیان لەبارەی بەردەوامیی کار و چالاکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان ساز کرد و تیایدا ئەندامانی هاوپەیمانییەکە لە هەرێمی کوردستان بەشدارییان کرد و لەلایەن ڕێکخراوی میدیکا مۆندیالی ئەڵمانی پشتیوانی لێکرا.

 

دیدارەکە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، تیشکخرایە سەر بەرنامەی کاری داهاتووی هاوپەیمانی ژنان، بەتایبەت دانانی ستراتیژێک بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی چەمکە جێندەرییەکان و بەهێزکردنی بزوتنەوەی فێمینیزم لە هەرێمی کوردستان، چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان.

 

لە درێژەی دیدارەکەدا بڕیاردرا کار بکرێت بۆ بەرز کردنەوەی بەشداری سیاسی ژنان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا و پشتیوانی بکرێت بە گەیشتنی ژنان بە ناوەندی بڕیار.

 

جێی بەبیرهێنانەوەیە، لە ماوەی ڕابردوودا هاوپەیمانی ژنانی کوردستان سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕێواز فایەقی کرد و داوایانکرد، کە ڕێژەی بەشداری ژنان لە پەرلەماندا بگەیەنرێتە ٪٥٠، لە چاوپێکەوتنێکی نوژنهاشدا، بەهار عەلی، ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە، باسی لەوەکرد، "ئەو داواکارییەی ئێستا کردوومانە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە سیاسی و ناکۆکییەی لە نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، ئەمانە پێمان دەڵێن کە ئیتر پێویستمان بە بەشداری ژنانیش هەیە بۆ سیاسەت، چونکە ٣٢ ساڵی ڕابردوو ئەوەمان پێ دەڵێت،  دیدگای بەشێکی زۆری ژنان جیاوازە لە پیاوان".