مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی و کەرکوک گردبوونەوە

ئەمڕۆ ١١ی ئایار، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى، مامۆستایانی وانەبێژ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، هاوکات لە شاری کەرکوک مامۆستایانی وانەبێژ داوای دامەزراندن دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ی ئایار، مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای دامەزراندنیان کرد.

 

ئەو مامۆستایانە ئاماژەیان بەوەکرد، کەس بەدەم داواکاریەکانیانەوە نەهاتووە و لە قوتابخانەکاندا ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە مامۆستایانی میلاک زیاترە و پیویستە حکومەت بیانکاتە گرێبەست و هەمیشەیی.

 

لە لایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوچەکەیان گردبوونەوە و داوایان کرد بکرێن بە گرێبەست، ئاماژەیان بەوەشکرد، بارگرانیی ناخەنە سەر حکومەت و چەند ساڵێکە بە خۆبەخشی وانەیان وتووەتەوە، هەربۆیە داواى مافى خۆیان دەکەن.

 

ئەوەشیان خستەڕوو، بە پێی بڕیاری ٣١٥ی ساڵی ٢٠١٩ مافی خۆیانە بکرێن بە مامۆستای گرێبەست، ئەمەش لەکاتێکدایە هاوشانی مامۆستایانی دیکەى میلاک دەوام دەکەن.