"لە عەفرین ژنان، منداڵان و سروشت ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هێرشێک دەبنەوە"

ئەندامێکی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار و ژنانی عەفرین لەبارەی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی کچی تەمەن ١٠ ساڵ لە عەفرینی داگیرکراو هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند و دەڵێن: دەبێت لێپرسینەوە لە تاوانباران بکرێن.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- بەگوێرەی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سوریا لە عەفرینی داگیرکراو، منداڵێکی کچی تەمەن ١٠ ساڵ خەڵکی ناوچەی شیەی عەفرین لەلایەن چەتەیەکی گروپی ئامشێتەوە بەناوی ئەحمەد مەمدو دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر، لە ئێستاشدا کردەوەی دژ بە منداڵان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا دووبارە دەبێتەوە، هەروەها کردەوە نامرۆڤانەکان دژی هاوڵاتیانی ناوچەکە لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

 

بەگوێرەی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سوریا، لە کارە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی لە عەفرین لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ ەوە بەم شێوەیەیە؛ زیاتر لە ١٣ ژن ڕفێندران و چارەنووسی زۆربەیان نەزانراوە، لە کاتێکدا ڕۆژانە ژنان و منداڵان لەو ناوچانە دەستدرێژی سێکسیان دەکرێتە سەر، ئەم کردەوانە لەبەرچاوی وڵاتانی جیهاندا ئەنجام دەدرێن، بەڵام جیهان هێشتا کەڕ و لاڵە و هیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی بە ناوی پاراستنی مافەکانی منداڵان دەرنەبڕیوە و نەبوونەتە بەربەست لەبەردەم کۆتایی هێنان بە کردەوەکان.

 

ئەندامێکی ئەنجومەنی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی عەفرین- شەهبا و ژنانی عەفرین دەربارەی ئەو ڕووداوانەی له دژی منداڵان ئه نجام دەدرێن، هەڵوێستی خۆیان دەربڕی.

 

"هەتا داگیرکاری هەبێت دەستدرێژی سێکسی کۆتایی نایەت"

ئەلیف محەمەد، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار عەفرین-شەهبا، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە عەفرین ڕاگەیاند و وتی: کردەوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە عەفرین ڕۆژانە دژی خەڵکی مەدەنی بەردەوامە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕووداوێکی توندوتیژی بەرامبەر منداڵێکی کچی تەمەن ١٠ ساڵ لەبەردەم چاوی جیهاندا ڕوویدا و تا ئێستا بێدەنگی بەردەوامە، چەندین گروپی چەتەی جیاواز لە عەفرین دەژین، بەڵام سیاسەت و هۆشیارییان بۆ قڕکردن و لەناوبردنی مرۆڤایەتی هەمان شتە، دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان لە عەفرین یەکەمجار و کۆتاجار نییە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەت منداڵان، هیچ هەڵوێستێکیان لەسەر ئەم ڕووداوە دەرنەبڕیوە، لە هەمان کاتدا، بەردەوامن لە بێدەنگی، کێ مافی ئەم منداڵە لە چەتەکان وەردەگرێت؟ بانگەوازی ئێمە بۆ ژنان لەو ناوچانە ئەوەیە کە لەپێناو منداڵەکانیاندا بێنەدەنگ و دەنگیان بەرز بکەنەوە دژی داگیرکەران، پێویستە لە عەفرین لە دژی چەتەکانی داگیرکەر ڕاپەڕین ئەنجام بدرێت، ئێمە دژی پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان و ژنان دەبین، ئەمە بەسە بۆ کۆتاییهێنان بە کردەوە قێزەونەکان دژی گەلەکەمان و پاراستنی مافەکانیان.

 

"دەبێت تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت"

لەیلا عەلی ئیدانەی داگیرکردنی عەفرینی کرد و وتی: ئێمە بە توندی ئیدانەی کردەوەکانی چەتە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک دەکەین لە عەفرین، بەتایبەتی دەستدرێژی کردنە سەر منداڵان بە توندی شەرمەزار دەکەین، ئێمە داوا لە هەموو وڵاتانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی منداڵان دەکەین کە خاوەنداری لە هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچە داگیرکراوەکان بکەن و مافی ژیانیان بپارێزن، ئەو منداڵە کچەی دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر ئێستا لە دۆخێکی زۆر خراپدایە لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە، ئێمەی دایکان هەرگیز ئەم کردەوە پیس و توندوتیژانە قبوڵ ناکەین دژی منداڵەکانمان، ئەو چەتەیە دەبێت سزا بدرێت، ئێمە هەرگیز ڕاناوەستین هەتا مافەکانی منداڵان پارێزراو دەبێت.

 

"لە عەفرین خەڵک و سروشت ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە"

سەمیرە ویقاس، بە توندی ئیدانەی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی کچی لە عەفرین کرد و وتی: ئێمە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵەکانمان شەرمەزار دەکەین، نەک هەر مرۆڤ ڕۆژانە کردەوە داگیرکارییەکان ڕووبەڕووی سروشت و مێژووی عەفرین دەبێتەوە، بانگەوازی ئێمە بۆ جیهان ئەوەیە کە هەستن و هەڵوێست بگرنەبەر، لە عەفرین منداڵان دەکوژرێت ئەمە لە یاساکانی جیهان و هیچ ئایینێکدا جێگای نییە، بەداخەوە چەتەکان و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەموو پێوەرە ئەخلاقی و ئاینییەکان پێشێل دەکەن.