ژنێکی گەنج لە ئاکرێ بە گوماناویی گیانی لەدەستدا

ژنێکی گەنج لە ئاکرێ بە گوماناوی گیانی لەدەستدا و پۆلیسی ئاکرێش دەڵێت: بە هەڵە لەلایەن براکەیەوە کوژراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

گیان لەدەستدانی گوماناویی ژنان ڕێژەکەی ڕوو لە زیادبوونە و ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییەی ژیان لە ژنان دەسەنێتەوە، هەمیشە تاوانەکە پەردەپۆش دەکات و لەسەرخۆی لادەبات، بۆ نمونە کاتێک ژن بە فیشەک دەکوژرێت دەوترێت بەهۆی هەڵە دەرچوونی فیشەک گیانی لەدەستداوە، یاخود دەوترێت خۆی کوشتووە.

 

شەوی ڕابردوو پۆلیسی ئاکرێ ڕایگەیاند، لە گوندی کێلەسپی ئاکرێ، لەکاتی پاککردنەوەی چەکدا برایەک بە هەڵە خوشکەکەی خۆی کوشت.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، ژنە گەنجەکە تەمەنی ٢٦ ساڵ بووە و لەکاتی پاککردنەوەی چەکەکەدا لە نزیک براکەیەوە بووە.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، دەست بەسەر چەکەکەدا گیراوە و هێشتا تۆمەتبارەکە دەستگیرنەکراوە، هەروەها پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ براکەی دەرچووە.