خۆپیشاندانی ملیۆنی دژی بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە فەڕەنسا بەڕێوەچوو

یەکێتییەکانی فەڕەنسا ئەو گۆڕانکارییانە ڕەتدەکەنەوە کە حکومەتی فەڕەنسا ئەنجامی داوە، سەبارەت بە بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە وڵاتەکەدا، لەکاتێکدا هێشتا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ڕێککەوتنێک لەنێوان هەردوولادا.

ناوەندی هەواڵ

 

دەیان هەزار کرێکار و خوێندکار لە پایتەختی فەڕەنسا ڕۆژی دووشەممە، هاوکات لەگەڵ ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران، جارێکی دیکە چوونە سەر شەقامەکان بۆ خۆپیشاندان دژ بە یاسای چاکسازی خانەنشینی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنساوە.

 

ئەمە یەکەم جارە کە ٨ سەندیکای کرێکارانی فەڕەنسا پشتیوانی لە داواکارییەکانی خۆپیشاندان دەکەن و بەشداری دەکەن و دوایین جار کە ڕێوشوێنی هاوبەشیان گرتووەتەبەر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٩ لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی جیهانیدا.

 

زۆرترین خۆپیشاندەر بەشداربوون و پۆلیس هێرشی کردە سەریان

کۆنفیدراسیۆنی گشتی کرێکاران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ژمارەی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا گەیشتە نزیکەی ٢.٣ ملیۆن کەسە، ئەمەش دەبێتە بەرزترین بەشداری لەو جۆرە لە مێژووی خۆپیشاندانەکانی ١ی ئایاردا.

 

بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان لەلایەن پۆلیسی فەڕەنساوە سەرکوتکران و هێرشیان کرایە سەر، گازی فرمێسکڕێژ و تۆپی ئاویان بەکارهێنا بۆ بڵاوکردنەوەیان، هەروەها توندوتیژی لە شارەکانی لیۆن و تۆلۆز و نانت دەستیپێکرد، کە ئۆتۆمبێلەکانیان سوتێندران و هێرش کرایە سەر کۆمپانیاکان.

 

ئەنیشا ئەسەدوڵا، سەرفەناز ئەحمەدی و ئەسەل محەمەدی، چالاکوانانی چەپ کە ئاڵایان هەڵگرتبوو بۆ یادکردنەوەی خۆپیشاندەران و زیندانیانی سیاسی لە ئێران، بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد و دروشمی "ژن، ژیان، ئازاد"یان دەوتەوە.

 

سەندیکاکانی فەڕەنسا داوا لە حکومەتی فەڕەنسا دەکەن بڕیارەکەی بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ ساڵەوە بۆ ٦٤ ساڵ پێچەوانە بکاتەوە، ئەمەش دوایین بڕیارە لە زنجیرەیەک خۆپیشاندان دژی بڕیارەکە.

 

لە مانگی ئاداردا، حکومەت دەسەڵاتی دەستووری تایبەتی بەکارهێنا بۆ سەپاندنی گۆڕانکاری لە سیستمی خانەنشینی وڵاتەکەدا بەبێ دەنگدانی پەرلەمان، دوای ئەوەی ئیمانوێل ماکرۆن چاکسازییەکانی پەسەند کرد، پێشنیارەکان لە ١٥ نیسان بوون بە یاسایەکی پابەندکەر، توڕەیی و ناڕەزایەتییەکان زیاتر بوون.

 

چاوەڕوان دەکرێت چاکسازییەکان لە سیستمی خانەنشینی فەڕەنسا لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا دەستپێبکەن، هەروەها کۆمەڵێک لە نوێنەران پڕۆژە یاسایەکی نوێ پێشکەش بکەن کە لە ٨ی حوزەیرانی داهاتوودا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایەی کە لەلایەن حکومەتەوە پەسەندکراوە.