بە هەزاران هاوڵاتی سودانی کۆچبەر بوون و ٩٦ کەس لە دارفور کوژراوە

ململانێی سیاسی و سەربازی کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی سودانی هەیە و بە هەزاران کەس ڕووبەڕووی کۆچکردن بوونەتەوە، حکومەتی وڵاتانی دراوسێ لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بە فڕۆکە دیپلۆماتکاران و هاوڵاتیانیان بەرەو ناوچە ئەمنییەکانی دیکە بردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە خەرتومی پایتەختی سودان شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا بەردەوامە و بە چەندین جۆری چەک و تەقەمەنی هێرش ئەنجامدراوە، شرۆڤەکارانی سیاسی جەختیان لەوە کردەوە کە بەردەوامی تێکچوونی دۆخەکە و توندوتیژییەکانی ئێستای سودان دوای پێکدادانەکانیش وڵاتەکە بەرەو سیناریۆیەکی شەڕی ناوخۆ دەبات، کە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت و کاردانەوەی بۆ سودان و وڵاتانی دراوسێی دەبێت.

 

گەلی سودان و بەتایبەت ژنان قوربانی سەرەکی ململانێکانی ئەو وڵاتەن، ڕاڤینا شەمداسانی، وتەبێژی فەرمانگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند، لە ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی نیسانەوە، لانیکەم ٩٦ کەس لە دارفور بەهۆی شەڕەوە کوژراون، هەروەها ئازادکردنی زیندانییەکان یان هەڵهاتنیان لە هەشت زینداندا، کە پێنج زیندانیان لە خەرتوم و دوو زیندانیان لە دارفورن زیاتر بووە.

 

ڕێکخراوی خێرخوازی پزیشکانی بێ سنوور ڕایگەیاندووە، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا نەخۆشخانەیەکی گەورەی هاوکاری لە شاری ئەلجەنینەی ڕۆژئاوای دارفور تاڵان کراوە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند، نووسینگەکانی لە خەرتوم، ئەلجەنینە و نیالاش تاڵان کراوە.

 

مارتن گریفیتس، ڕێکخەری یارمەتییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، "ئەمە بە پێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان قبوڵ ناکرێت و قەدەغەیە، دەبێت هێرش بۆ سەر دامەزراوە مرۆییەکان بوەستێنرێت".

 

دەزگاکانی فریاگوزاری تاڕادەیەکی زۆر نەیانتوانیوە خۆراک بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش بکەن، کە پێویستیانە، لە سێیەم گەورەترین وڵاتی ئەفریقا، کە یەک لەسەر سێی ٤٦ ملیۆن دانیشتوانەکەی لە ئێستاوە پشت بە یارمەتییە مرۆییەکان دەبەستن.

 

ئاستی کۆچبەری ڕووی لە هەڵکشان کردووە

ئەم ململانێ سیاسی و سەربازییە کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی سودانی هەیە و بە هەزاران کەس ڕووبەڕووی کۆچکردن بوونەتەوە لە نێوان سەحرا و دەریای سووردا، حکومەتی وڵاتانی دراوسێ لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بە فڕۆکە دیپلۆماتکاران و هاوڵاتیانیان بەرەو ناوچە ئەمنییەکانی دیکە بردووە.

 

ئەمریکا ڕایگەیاند کە چەند سەد ئەمریکییەک لە ڕێگەی وشکانی و دەریایی و ئاسمانییەوە سودانیان بەجێهێشتووە و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، درەنگانی ڕۆژی هەینی، ٢٨ی نیسان، کاروانێکی پاسەکان کە ٣٠٠ ئەمریکییان تێدابووە، خەرتومیان بەجێهێشتووە، ئەمەش یەکەم هەوڵی چۆڵکردنی هاوڵاتییانە کە لەلایەن ئەمریکاوە ڕێکخرابوو.

 

میسر ڕایگەیاندووە، ١٦ هەزار هاوڵاتی سودانی وەرگرتووە، کۆماری چادیش زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس ڕوویان تێکردووە، کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، زیاتر لە ١٤ هەزار کەس سنووریان بەزاندووە بۆ باشووری سودان، کە لە ساڵی ٢٠١١دا سەربەخۆیی خۆی لە خەرتوم ڕاگەیاندووە دوای چەندین دەیە شەڕی ناوخۆ.

 

وتەبێژی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە هەندێکیان زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆمەتر لە خەرتومەوە تا سنووری باشووری سودان بە پێ ڕۆیشتوون، هاوکات خەرتوم یەکێکە لە گەورەترین شارەکانی ئەفریقا و ماوەیەکی زۆرە لە ململانێی شەڕی ناوخۆ دایە لە سودان.