نەتەوە یەکگرتووەکان: سنووردارکردنی مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان کارەساتی ئابووری خراپتر دەکات

بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، سنووردارکردنی توانای ژنان بۆ خوێندن و کارکردن بووەتە هۆی کارەساتی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ئەفغانستان و دەرئەنجامی وێرانکەری لەسەر دانیشتوان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕوانگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەفغانستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣، کە لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) بڵاوکراوەتەوە، تێڕوانینێکی گشتی دەربارەی ئەو ڕووداوانە دەخاتەڕوو کە لە ئەنجامی دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە لە ٢٠٢١ەوە دروست بووە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتە ئەستۆ، ئابووری ئەفغانستان داڕما، ئەمەش بووە هۆی خێراکردنی دابەزینی دەیان ساڵەی ئەفغانستان بۆ ناو هەژاری، بە مەزەندەکردنی ژمارەی دانیشتوان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە نزیکەی ٤٠ ملیۆن کەس و داهاتی ناوخۆیی بە ١٤.٣ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠٢١ دا، ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کەمترین داهاتی تاکەکەسیان هەیە لە جیهاندا، نزیکەی لە ٨٥٪ی دانیشتوانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

 

پێشبینی دەکرێت داهاتی هەر کەسێک لەم ساڵدا و لە ساڵی ٢٠٢٤دا کەمببێتەوە، مۆدێلی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەگەر یارمەتییەکان بە ڕێژەی ٣٠٪ دابەزێت، هەڵئاوسان لەوانەیە لە ساڵی ٢٠٢٤دا بگاتە ١٠٪ و تێکڕای داهات بە ڕێژەی ٤٠٪ دابەزێت.

 

هەر کەمکردنەوەیەک لە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان دەبێتە هۆی خراپتربوونی دۆخی ئابووری ئەفغانستان و هەژارییەکی توند بۆ دەیان ساڵ بەردەوام دەبێت.

 

سورایۆ بوزوروکۆڤا، جێگری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە ئەفغانستان، ڕاگەیاند بڕیارەکەی تاڵیبان بۆ سنووردارکردنی توانای ژنان بۆ خوێندن و کارکردن هۆکارێکی گرنگە بۆ قەیرانی ئابووری وڵاتەکە، وتیشی: ئێمە لێکۆڵینەوەمان کردووە بۆ ئەوەی بزانین چۆن لابردنی ژنان لە هێزی کار کاریگەری دەبێت لەسەر ئابووری، پێمان وایە کە بەبێ ژنان ناتوانرێت گەشە بکرێت و هەژاری کەم بکرێتەوە، ئەمە ئەو پەیامەیە کە ئێمە هەوڵ دەدەین بیگەیەنین کاتێک قسە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیفاکتۆ دەکەین.