"سەیری تاریکترین ڕۆژەکانی زاگرۆس دەکەین..."

کۆمەڵەی چیای سەوزی مەریوان لە بڵاوکراوەیەکیدا بە ناونیشانی "سەیری تاریکترین ڕۆژەکانی زاگرۆس دەکەین"، ئاماژەی بە وێرانکردنی لەوەڕگە و دارستانەکانی زاگرۆس کرد و هۆکارەکەی بۆ نابەرپرسیارێتی و بێدەنگیی بە مەبەستی دەسەڵاتی بەرپرسیار گەڕاندەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

١٧ی نیسان، کۆمەڵەی چیای سەوزی مەریوان، کە ڕێکخراوێکی ژینگەپارێزە، لە هەژماری تایبەتی ئینستاگرام وتارێکی بە ناونیشانی "سەیری تاریکترین ڕۆژەکانی زاگرۆس دەکەین" بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە وێرانبوونی لەوەڕگە و دارستانەکانی زاگرۆس کرد.

 

لەبارەی بێ دەنگی بە مەبەست و نابەرپرسیارێتی دەسەڵاتداران و نووسیویەتی: "گەیشتووەتە ئاستێک کە بەرنامەکانی پاراستن و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەم خاکە شکستیان هێناوە و ئەو شوێنانەی کە پارێزراون زیاتر بەر وێرانکاری و داگیرکردن دەکەون!، هۆکاری ئەم کارەساتە پێویستە لە کردەوەی کەسانی نابەرپرسدا بدۆزرێتەوە، کە بە بێدەنگی خۆیان، لەبەردەم چاوی هەموواندا، شاهیدی وێرانبوون و داگیرکردنی بەشە جیاوازەکانی دارستانەکانی ناوچەکە و دەوروبەری شارن، کە نزیکترە لە گوێچکەکانیان."

 

کۆمەڵەی چیای سەوزی مەریوان لە درێژەی ئەم نووسینەدا ئاماژەی بەوەداوە، "یەکێک لە حاڵەتە سەرسوڕهێنەرەکانی وێرانکاری و دەستدرێژیکردن، "گردە بازرگان'ی سەر بە دارستانەکانی گوندی بەیەڵەیە لە نزیک مەریوان، کە سەرەڕای بەرنامەی زاگرۆسانە و چاندنی دار بەڕوو لەلایەن کۆمەڵەی چیای سەوزەوە بە ئامادەبوونی ئیدارەی سامانە سروشتییەکانی شاری مەریوان و بەڵێنی پاراستنی لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا، بەشێک لە قازانجخوازان و خیانەتکارانی سەر ئەم خاکە، بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتن، وێرانیان کردووە و کێڵاویانە و تایبەتمەندییە سروشتییەکانیان تێکداوە، تا بیگۆڕن بۆ موڵکی تایبەت".