دوایین گوندی ئەرمەنییەکان لە هاتای ڕووبەڕووی کۆچبەری بوونەوە

وەکیفلی دوا گوندی ئەرمەنییەکانە لە هاتای، بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات زیانێکی زۆری بەرکەوت و ئیلانا چاپار بە پێداگری لەسەر مانەوە لەسەر خاکی خۆی وتی: خەڵکی گوندەکە بەهۆی نەبوونی پێداویستی کۆچیان کرد، بەڵام دەگەڕێنەوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

هاتای- گوندی وەکیفلی، کە دواین گوندی ئەرمەنییەکانە لە تورکیا، دەکەوێتە ٥ کیلۆمەتر دوور لە شارۆچکەی سامانداغی هاتای و سەدان ساڵ پێش عوسمانییەکان ماڵی ئەرمەنییەکان بووە، لە بناری چیای موسایە و دیمەن و سروشت و مێژووەکەی و ڕوانینی بەسەر دەریای سپیدا مرۆڤ سەرسام دەکات، گوندەکە بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات وێران بوون، خەڵکەکەی بەهۆی نەبوونی چادر و پیداویستییەوە ناچاربوون لە گوندەکەیان کۆچ بکەن، ئەو گوندەی پێش بوومەلەرزەکە ١٣٥ کەسی تێدا دەژیا، ئێستا ٣٠ کەس لەوێ دەژین.

 

تەنها هاوکارییەکانی گەلیان پێگەشت

وەکیفلی لەناو ٧ گوندی ناوچەکەدا، تاکە گوندە مابووەوە، کڵێسا و مۆزەخانە و ناوەندی ژنان و جوانییە سروشتییەکانی تێدابوو، خەڵکەکەی بە میواندۆستی ناسراون، دوای بوومەلەرزەکە ٣ ڕۆژ هاوکاری نەگەیشتە گوندەکە، خەڵکەکە دەڵێن لە ڕۆژی سێیەمدا لەلایەن خۆبەخشەکانەوە هاوکارییان بۆ نێردراوە، لەو گوندەی کە تا ئێستا چادرەکانی ئافادی پێنەگەشتووە، خەڵک خۆیان چادریان لە ئەستەنبوڵەوە هێناوە.

 

"سێ ڕۆژ لە کابوسدا ژیاین"

ئیلانا چاپار یەکێک لە هاوڵاتیانی گوندی ڤاکیفلیە، باسی ئەو کارەساتەی کرد کە پێیدا تێدەپەڕن و وتی: هەر کەسێک لەماوەی ٣ ڕۆژی ڕابردوودا نەهاتبێتە ناوەندی هاتای، چۆن دێتە ئێرە، سێ ڕۆژ لە کابوسدا ژیاین، دوای وەستانی بوومەلەرزەکە لە باخچەی چای گوندەکە کۆبووینەوە و گەنجەکان یەک بە یەک چوونەتە ماڵەکان و پیرەکانیان لە ماڵەکانیان دەرهێناوە، ڕۆژی دووەم وەک کابوسێک بوو، با و باران و زریان لەو ڕۆژەدا نەوەستا، بە هاوکاری خۆبەخشەکان درێژەمان بە ژیانمان دا، ماڵەکەمان زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، لە گوندەکەدا ١٥ خانوو هەیە کە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و دەڕوخێنرێت، ئێستا لە چادرەکاندا دەمێنینەوە و بەم شێوەیە چاوەڕێی پرۆسەکە دەکەین.

 

"لە گوندێکی ١٣٥ کەسیدا ٣٠ کەس ماینەوە"

ئیلانا چاپەر ئاماژەی بەوەشکرد، چونکە نازانن چی بەسەر بینا زیانلێکەوتووەکاندا دێت، لە نادڵنیایییەکی گەورەدا دەژین و تەنها خواستیان ئەوەیە کە ئەو شوێنەی لێی نیشتەجێن، بەجێنەهێڵن و لەسەر زەویەکەیان بمێننەوە، وتی: نازانین دەوڵەت چی دەکات و خانووە زیانلێکەوتووەکان چی بەسەردێت، چاوەڕێین، گوندەکەمان کراوە بوو بۆ گەشتیاری، مۆزەخانە و کڵێسا و ناوەندی ژنانمان هەیە. گوندێکی زۆر جوانە هەم لە ڕوانگەی ڕۆشنبیری و هەم لە ڕووی سروشتییەوە و کاری جوانی کردووە، پێش بوومەلەرزەکە ئێمەی ئەرمەنی لە گوندەکە ١٣٥ کەس و ٣٥ خانوو بووین، بەڵام دوای بوومەلەرزەکە، کاتێک هاوکاری نەهات، خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون و ئێمەش بە ٣٠ کەسەوە ماینەوە. جاران ٧ گوند هەبوون، بەڵام ئێستا بووینەتە یەک گوند، هەموو خانووەکانمان کۆنن، خانووەکەم لە ساڵی ١٩١٨ دروستکراوە، خانووی دراوسێکەم تەمەنی ١٣٠ ساڵە، هەموو خانووەکان بەهۆی کۆنەوە زیانیان پێگەیشتووە، ئێمە گوندەکەمان بەجێناهێڵین و دەبێت ژیانی نوێ دروستبکەین. ئێمە خۆڕاگر دەبین و لێرە دەمێنینەوە.

 

"ئەگەر خانوو دروستبکرێت ئەوانەی ڕۆشتوون دەگەڕێنەوە"

ئیلانا چاپار باسی لەوەکرد، نایانەوێت ئەو گوندە بەجێبهێڵن کە تێیدا نیشتەجێن و ڕایگەیاندووە، ئەوانەی ڕۆیشتوون دوای دروستکردنی خانووەکان دەگەڕێنەوە، "هاتای شارێکی شارستانیەتەکانە، شارێکە کە مرۆڤەکان پێکەوە دەژین، دەچینە پرسە و فێستیڤاڵەکانی یەکتر، ئەم شوێنە زیندوومان دەکاتەوە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ناچار بووین منداڵ و گەورەکانمان بنێرین بۆ شوێنی دیکە، لێرە ترسی بوومەلەرزە زۆرە، ئەوانەی چوون نەیاندەویست بچن، بەڵکو لەبەر منداڵەکانیان چوون، هەمووی دەگەڕێنەوە دوای ئەوەی خانووەکان دروستدەکرێنەوە، تەنها داواکاریمان ئەوەیە کە خانووەکانمان دروستبکرێتەوە، چونکە ئێمە ئەم شوێنەمان خۆشدەوێت".