دروشمەکانی گەنجانی مهاباد: کوردستان قەڵای شۆڕشە

سەرەڕای هەوڵی بەکرێگیراوانی ڕژێم بۆ سڕینەوەی دروشمی شۆڕشگێڕانەی ئەو شارە، گەنجان و ژنانی شۆڕشگێڕی مهاباد بەردەوامن لە نووسینی دروشم لەسەر دیوار و شەقامەکان.

مهاباد

 

شەقامی بەهمەنی شاری مهاباد بە هۆی بوونی ماڵی ماموستا هێمنی شاعیری نەتەوەیی ناسنامەیەکی تایبەتی هەیە و لە دروشمەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا بە باشی هەست بەو تایبەتمەندییە دەکەیت، گەنجان خۆیان بە قوتابیی ئەم شاعیرە نەتەوەییەی کوردستان و کۆماری مهاباد دەزانن، بۆیە زۆربەی دیوارەکانی کوچە و گەڕەکی نێوان گۆڕەپانی مەلاجامی و پردی یەرغۆ بە دروشمی شۆڕشگێڕانە ڕازاوەتەوە.

 

ڕژێمی ئێران هەمیشە بەرامبەر ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان سیاسەتی سڕینەوەی گرتووەتەبەر، بەکرێگیراوان ئەرکدار دەکات بە سڕینەوەی دروشمی سەر دیوارەکان تا ڕووی دیاری ناڕەزایەتییەکان بشارێتەوە، بەڵام دروشمەکان هێندە بەربڵاون کە لە سەروو هێزی دەوڵەتەوەیە بۆ سڕینەوەی.

 

هاوکات دروشمی "کوردستان قەڵای بەهێزی شۆڕشە" بەڵێنی ئیرادەی پتەوی کوردستان بۆ درێژەدان بە شۆڕش دەدەن، شاری سنە بۆ ماوەی ٥٥ ڕۆژ بڵێسەی شۆڕشی بە زیندووی هێشتەوە و بە خۆڕاگرییەوە بەهێزی خۆی نیشاندا، جیاوازی ئەم ڕاپەڕینە و ڕاپەڕینەکانی ساڵانی ڕابردوو ئەوەیە کە ناکوژێتەوە.

 

کوردستان قەڵایەکی بەهێزی شۆڕشە، جەخت لە یەکتربڕینی زوڵمی دووانە دەکات و لە هەمان کاتدا دژی چەوساندنەوەی ڕەگەزیی، نەتەوەیی، چینایەتی و ئایینی دەجەنگێت. هەر لە یەکەم ڕۆژەوە لە گۆڕستانی سەقز و گۆڕستانی ئایچی ژنانی کوردستان توانیان ئەو ئایدیاڵە بە هەموو وڵات و پاشان بە جیهان بناسێنن بە لابردنی حیجابەکانیان و وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، لە سەرتاسەری شارەکانی کوردستان دروشمی دژ بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی، فاشیزم و ناوەندگەرایی دەوترانەوە

 

لەناو ئەو دروشمانەی تر کە لەسەر دیوارەکانی مهاباد دەبینرێت، "نەفرەت لە خامنەیی"یە و دروشمی ئەرێنی و بنچینەیی شۆڕشیش "ژن، ژیان، ئازادی"یە.