بەڵگەفیلمی "دەروازەی خەونەکان" لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین لە پێشبڕکێدایە

بەڵگەفیلمی "دەروازەی خەونەکان" کە سەرکەوتنی شەڕڤانان لە کۆبانێ لە دژی داعش نیشان دەدات، لە فیستیڤاڵی فیلمی بەرلین لە پێشبڕكێدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

٧٣یەمین فیستیڤاڵی فیلمی بەرلین ئەمساڵ لە ١٦ی شوباتەوە دەستیپێکرد و تا ٢٦ی شوبات بەردەوام دەبێت، نزیکەی ٤٠٠ فیلم لە هەموو وڵاتانی جیهان لەم فیستیڤاڵەدا بەشدارن.

 

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی "دەروازەی خەونەکان" لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە "دەروازەی خەونەکان" لە دەرهێنانی نگین ئەحمەدی، فیلمسازی کورد، بەرهەمهێنانی ئیلاهه‌ نه‌وبەخت، لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا پێشبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی بەشی "نەوەکان" دەکات.

 

بەرهەمهێنانی فیلمەکە زیاتر لە شەش ساڵی خایاندووە، چیرۆکی ژنێکی گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕێتەوە کە بە دوای بەشێک لە شووناسی خۆیەوە بە کامێراکەی دەچێتە ناو شەڕڤانەکانی کۆبانێ-وە.

 

نیگین ئەحمەدی، فیلمساز و کامێراکەی تەواوی بەرخۆدان و بوێری شەڕڤانان لە کۆبانێ نیشان دەدات، کە ئازایانە لە دژی داعش و مەترسییەکانیان بۆ سەر هەموو جیهان جەنگان و کۆبانێیان ئازاد کرد.

 

٧٣یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین، لە چەندین بەش پێکدێت، لەوانە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، بەشی پێشبڕکێی نەوەکان، بەشی پێشبڕکێی فۆڕم، بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم و چەندین بەشی دیکە، لەوانە، بەشی پانۆراما، بەشی نمایشی تایبەت، بەشی نمایشی سینەمای کلاسیک.