تا ئێستا ناسنامەی ٢٤٤ منداڵی قوربانیانی بوومەلەرزەکە دیاری نەکراوە

فوئات ئۆکتای، جێگری سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، لە کۆی هەزار و ٧١٣ منداڵ کە لە ژێر داروپەردوودا دەرهێنراون، ٢٤٤ منداڵیان ناسنامەیان نەدۆزراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

فوئات ئۆکتای، جێگری سەرۆکی تورکیا سەبارەت بە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، کە ناوەندەکەی مەڕەش بوو، لێدوانێکی دا و ئاماری ئەو منداڵانەی خستەڕوو دوای بوومەلەرزەکە ڕزگارکراون.

 

فوئات ئۆکتای سەبارەت بەو منداڵانەی لە ژێر وێرانە دەرهێنران وتی: ئێستا هەزار و ٧١٣ منداڵ هەن، ١٤١ منداڵ ڕادەستی خانەوادەکانیان کراون، ٤٩٠ منداڵ لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریدان و ٨٢ منداڵ لە دامەزراوەکانی وەک ماڵی خۆشەویستی(خانەی بێ سەرپەرشتان) دان، ٤٦٩ منداڵ هەن کە ناسنامەکانیان دەستنیشانکراوە و هەوڵدەدەین ناسنامەی ٢٤٤ منداڵی دیکەش ئاشکرا بکەین.

 

ئەم لێدوانەی فوئات ئۆکتای لەکاتێکدایە کە مشتومڕ لەسەر چارەنووسی ئەو منداڵانە بەردەوامە دەکرێت دوای بوومەلەرزەکە بریندار بوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، یاخود خێزانەکانیان لەدەستداوە و بێ سەرپەرشت ماونەتەوە، هەندێک دەنگۆ باس لەوە دەکەن کە منداڵەکان لە ژێر ناوی "خێزانی سەرپەرشتیار" ڕادەستی هەندێک خێزان کراون، لەم ماوەیەشدا وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

بینای بەیکۆز کە لانیکەم ٢٠ منداڵی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تێیدا دەمێننەوە سەر بە دەزگای یارمەتی مرۆیی-IHHە، کە زانراوە پەیوەندی لەگەڵ چەتەکان و گروپە جیهادییەکانی سوریا هەیە، وەزارەتەکەش پشتڕاستی کردەوە کە منداڵەکان لەو ناوەندەن.

 

ڕاپۆرتی زۆر گەیشتە دەستیان

لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەت دەڵێت: "لەبارەی پرسی ئەو منداڵانەی کە تا ئێستا خێزانەکانیان پێیان نەگەشتوون، وەزارەتەکەمان تاکە دەسەڵاتە و منداڵەکانمان لە دەستی سەلامەتدان"، بەڵام سەرەڕای ئەو لێدوانەی وەزارەت، کۆمەڵەی یەکەمی منداڵان و ژنان ڕاپۆرتی زۆری پێگەیشتووە و ئاماژە بەوە کراوە کە زۆرێک لە منداڵە بێ سەرپەرشتەکان لەجیاتی ناوەندی دەسەڵا لە جەماعەت و تەریقەتەکاندا دانراون، هەروەها ٦٠ منداڵ لە هەندێک باڵەخانەکانی گەڕەکی چاوشباشی ناحیەی بەیکۆزی ئەستەنبوڵ دانراون.

 

سکاڵای تۆمار کراوە

دوێنێ کۆمەڵەکە سکاڵایەک بە بەڵگەی ڤیدیۆییەوە ڕەوانەی داواکاری گشتی ئەنتاڵیا کراوە، گوایە "منداڵان ڕفێنراون و دەستبەسەرکراون، کەسێکیش ئازادیی لێ زەوت کراوە"، کۆمەڵەی پارێزەرانی هاوچەرخیش ڕایگەیاندووە کە ڕاپۆرتی جددییان پێگەیشتووە، ئەو منداڵانەی وا گریمانە دەکرێن قوربانی بوومەلەرزەکە بن و بێ سەرپەرشتن، ڕادەستی کۆمەڵەیەکی پەیوەندیدار بە تەریقەتەکان کراون.

 

دوای ئەوەی سکاڵا و ئاگادارکردنەوە بە وەزارەت درا، وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی لەگەڵ پۆلیس چوونەتە ئەو بینایەی کە باسی لێوە دەکرێت. دەرکەوت ئەو بینایە هی دامەزراوەی هاوکاری مرۆیی-IHHیە کە بە نزیکی حکومەتە و بە دابینکردنی چەک بۆ چەتە و جیهادییەکان تێوەگلاوە.

 

لە ماڵەکەدا لانیکەم ٢٠ منداڵ هەیە

بەپێی زانیارییەکان ٢٠ منداڵ و ٧ دایکی قوربانیانی بوومەلەرزەکە لە ناوچەی کرخانی هاتایەوە هێنراونەتە ماڵەکە و وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتیش ناوبەناو سەردانی منداڵانی کردووە. ئەو بەرپرسەی وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، ئەو منداڵانە سوریین.