دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ژنان پێشەنگایەتی ڕێپێوانی سلێمانییان کرد

دژی پیلانگێڕی نیودەوڵەتی لە شاری سلێمانی ڕێپێوان ئەنجامدرا و جەخت لە ئازادکردنی دەستبەجێی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کرایەوە و ڕاگەیەندرا، ئازادی ئۆجالان واتای ئاشتی و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، ١٥ی شوبات ٢٤ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر گەورەترین پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە مێژوودا، کە دژی ڕێبەری گەلی كورد، عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا، ئەو پیلانگێڕییە لە ٩ی تشرینی یەكەمی ساڵی ١٩٩٨ دەستیپێكرد و لە ١٥ی شووباتی ١٩٩٩ بە ڕفاندنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە كینیا و ڕادەستكردنەوەی بە توركیا كۆتاییپێهات، لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ، ڕێبەری گەلی كورد لە زیندانی ئیمراڵیدا گۆشەگیرکراوە و هەموو مافێکیان لێ زەوتکراوە.

 

بەو بۆنەیەوە لە ١٥ی شوباتدا لە کوردستان و وڵاتانی ئەوروپادا کوردان و ئازادیخوازان بە چالاکی مانگرتن، ڕێپێوان، کۆنفرانس و سیمینار و گردبوونەوە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی شەرمەزار دەکەن.

 

ئەمڕۆش لە شاری سلێمانی، لە چوارچێوەی زنجیرە چالاکییەکانی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدولا ئۆجالان، بە دەستپێشخەری کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان و بە هەماهەنگی لەگەڵ تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و بە بەبەشداری ژمارەیەک چالاکوان و لایەنی سیاسی و ئازادیخوازان ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو.

 

ڕێپێوانەکە بە دروشمی "ئیدی بەسە سیستمی زیندانی و گۆشەگیری ئیمڕالی" و "دەستبەجێ ئازادی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان" لە شەقامی سالم سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی بەرەو باخی گشتی دەستیپێکرد و دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ، کات کاتی ئازادییە، بمرێ خیانەت" وترایەوە.

 

لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەسرا و تێیدا محەمەد بەکر، ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ٢٥ ساڵە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە زینداندا گۆشەگیر دەکرێت، ئەم پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە بە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا و وڵاتانی ناتۆ ئەنجامدرا، بەڵام بەرخۆدانی مێژووی و پێکەوەیی بەڕێز ئۆجالان و گەلی کورد و بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکەی، ئەڵقەی یەکەمی پیلانگێڕییەکەی پوچەڵکردەوە و لەم ٢٤ ساڵەی ڕابردوودا پێداگری خۆیان لەسەر بەرخۆدان و شۆڕشی ئازادیی و گەیشتن بە ماف و ئازادییەکان دووپاتکردەوە.

 

تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، پیلانگێڕی بوو لە دژی گەلی کورد، چونکە ڕێبەر ئۆجالان تێکۆشانی بۆ گەلی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەکرد، دەوڵەتان دەیانزانی ڕێبەر ئۆجالان مەترسییە بۆ سیستەمەکەی ئەوان، بۆیە دەستگیریان کرد، چونکە ئازادی ڕێبەر ئۆجالان ئازادی و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

 

بانوو هەڵەبجەیی، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، "دەوڵەتانی داگیرکار و زلهێز وایانزانی بە دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان ئیدی تێکۆشانەکەی لەناو دەچێت، چونکە لە پێشتر و شۆڕشە جیاوازەکاندا، کاتێک سەرکردەکان دەستگیردەکران ئاشبەتاڵ ڕادەگەیەنرا، بەڵام ڕێبەر ئۆجالان و ئایدۆلۆژیاکەی گەلیان زیاتر سورکرد لەسەر بەرخۆدان و تێکۆشان لەپێناو ئازادی ژن و گەلی کورددا.

 

هەر لە درێژەی چالاکییەکەدا وتاری حزبی شیوعی کوردستان و حزبی کۆمۆنیستی کوردستان خوێندرایەوە و بە وتنەوەی دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" "بژی ڕێبەر ئاپۆ" کۆتاییان بە چالاکییەکە هێنا.