ئەڤین سوێد: وەک پێویست هاوکاریی ڕۆژئاوای کوردستان ناکرێت

بوومەلەرزە بەهێزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە هەزاران قوربانی و برینداری لێکەوتەوە، نوێنەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش تیشکی خستەسەر ناردنی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی نوێنەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ، نوێنەرایەتی پارتی دیوموکراتی پەیەدە و نوێنەرایەتی کۆنگرە ستار لە باشووری کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ڕێکخست و تیایدا دۆخی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خرایەڕوو.

 

لە کۆنگرەکەدا ئەڤین سوێد، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشووری کوردستان ڕۆژئاوا لە کوردستان، تیشکی خستەسەر زیانلێکەوتووان و قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەیەی کە ٦ی شوبات لە باکوور و ڕۆئاوای کوردستان ڕوویدا، وتی: لەبەر ئەو کارەساتەی کە ڕووبەڕووی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بووەتەوە، خۆمان بە هاوخەم دەزانین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، گەلی باشووری کوردستان هەر لە ڕۆژی بوومەلەرزەکەوە دەستیان کرد بە ڕاگەیاندنی کەمپین بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیان لێکەوتووان، ئێمە وەک خۆبەڕێوەبەری بەرپرسیاریەتی گەیاندنی هاوکارییەکان بە شوێنی خۆی دەگرینە ئەستۆ.

 

ئەڤین سوێد باسی لەوەشکرد، "هاوکارییەکانی دەدرێتە سوریا لە جیهانەوە بەراورد بە تورکیا کەمترە، بەڵام وەک خۆبەڕێوەبەری سەفەربەری ڕاگەیەندراوە و لە کوردستانەوە هاوکارییەکان دەنێردرێن کە باشووری کوردستانیشی تێدایە".

 

ئەوەشی ڕاگەیاند، لە سنوری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٧ کەسی دیکەش کە گیانیان لەدەستداوە، لە دەرەوەی خۆبەڕێوەبەرییەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ ناو خۆبەڕێوەبەری، ئەگەری هەیە ئامارەکانی قوربانی و بریندار بوونیش بەرز ببێتەوە.