"ئێمە ئەو ژنانەین بە تاوانی ژن بوونمان لە زیندانداین"

سێ ژنی زیندانیکراو لە زیندانی ئەڤین پەیامێکیان بۆ مریەم و پەروین محەمەدی زیندانیکراو، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دایکیان لەدەستداوە، نارد و هاوخەمی خۆیان دەربڕی.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرەنگیس مەزلوم و نێرگز زەریفیان و زەهرا زیوری سێ بەندکراوی زیندانی ئەڤینن، سەرەخۆشی خۆیان بۆ مریەم و پەروین محەمەدی نارد و لە پەیامێکدا نووسیویانە، "ئێمە کەسانێکی بێ تاوانین کە لەسەر تاوانی ژنبوون و بیروباوەڕمان زیندانی کراوین".

 

دەقی پەیامی ژنانی زیندانی کراو:

جارێکی تر لە بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین هاوسۆزی ئازیزێکی خۆشەویستین کە ماتەمینی لەدەستدانی دایکی دەگێڕێت.

 

ئێمە ئەو ژنانەین کە چەند هەفتە جارێک منداڵەکانمان لە هۆڵی کۆبوونەوەکان لە باوەش دەگرین، نەک کاتێک دەچنە باخچە و قوتابخانە، ئێمە ئەو ژنانەین کە تەنانەت دەرفەتی ماڵئاوایی و دوورخستنەوەی منداڵەکانمان نەبوو، ئێمە هیچ ڕۆژێک و بۆنەیەکی لەدایکبوون و زەماوەند و خۆشی و شادیمان لەگەڵ ئازیزانمان نییە.

 

ئێمە کەسانێکی بێتاوانین کە لەسەر تاوانی ژنبوون و بۆچوونەکانمان زیندانی دەکرێین، بەڵام لە کۆتاییدا هاوار دەکەین، "ژن، ژیان، ئازادی"، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان بۆ هاوڕێی ئازیزمان مریەم محەمەدی و پەروین محەمەدی دەردەبڕین و لەم خەم و پەژارە گەورەیەدا لەگەڵیانین.