زیادبوونی توندوتیژی عێراق ناچاری زیادکردنی پۆلیسی ژن دەکات
بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی خێزانی لە عێراق وایکرد، کە کابینەی نوێی حکومەت بڕیاری زیادکردنی ژنانی پۆلیس بدات.
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆمەڵگە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا ڕایگەیاند، توندوتیژی خێزانی لە عێراق لە هەڵکشاندایە، بەتایبەت لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێی ئەو ژمارەیەی خستیەڕوو، تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا هەزار و ٣ سەد حاڵەتی توندوتیژی خێزانی دژی ژنان تۆمار کراوە.
هەروەها ١٦٧ ژنی گەنج، کە بەهۆی توندوتیژی خێزانییەوە ماڵیان بەجێهێشتووە، گەڕێندراونەتەوە ناو خێزانەکانیان، بەرزی ڕێژەی توندوتیژییەکان، کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و سەرۆک وەزیرانی ناچارکرد بڕیاری زیادکردنی ڕێژەی ژنان لە ئەکادیمیای پۆلیسدا بدات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەرگای دامەزراندنی بۆ پۆلیس لە وەزارەتەكەی كردەوە و بەشێكی کەمی بۆ ژنان تەرخانکرابوو.