ناڕەزایەتی کوردان فەرەنسای ناچار بە دەستگیرکردنی بکوژی کۆمەڵکوژییەکە کردەوە
داواکاری گشتی فەرەنسا بە بیانووی ئەوەی تەندروستی هێرشبەرەکەی کۆمەڵکوژی پاریسی ئەنجامدا، جێگیر نییە، فەرمانی دەستگیرکردنەوەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام دوێنێ جارێکی دیکە، بڕیاری دەستگیکردنی درایەوە.
سلێمانی
٢٣ی کانوونی دووەم، هاوکاتی نزیبوونەوە لە ١٠یەمین کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ی پاریس، کە سێ پێشەنگی کورد، بە ناوەکانی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز شەهیدکران، هێرشبەرێکی ٦٩ ساڵ، هێرشێکی تیرۆریستی دەکاتە سەر ناوەندی کولتووری کوردیی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بەهۆیەوە ئەڤین گویی(ئامینە کارا)، کە یەکێکە لە پێشەنگانی بزووتنەوەی ژنانی کورد، هەروەها هەردوو هونەرمەند میر پەروەر و عەبدوڵا کزل، ئەندامی ناوەندی هونەریی ئەحمەد کایا شەهیدبوون. هاوکات سێ کەسی دیکە لە سەرتاشخانەیەکی تەنیشت ناوەندە برینداربوون، کوردانی کۆڵانەکە بکوژەکە دەستگیرکر دەکەن و ڕادەستی پۆلیسی دەکەن.
لە دوای ڕووداوەکەش کوردانی پاریس ڕژانە شەقام و ناڕەزایەتیان دەربڕی و داوایانکرد هەرچی زووە، بکوژەکە ئاشکرا بکرێت، بەڵام پۆلیسی پاریس هێرشی کردە سەریان و گرژی دروستبوو، ڕۆژێک دوای ئەوە، کوردان و ئازادیخوازان بانگوازی چالاکیان دژی کۆمەڵکوژیی کوردان لە پاریس ئەنجامدا و داوایانکرد بکوژ و بکەرانی پشت کۆمەڵکوژییەکە ئاشکرا بکرێن.
دوای کۆمەڵکوژییەکە داواکاری گشتی پاریس لە جیاتی “هێرشی تیرۆریستی” لە چوارچێوەی تاوانی “کۆمەڵکوژی ڕەگەزپەرستانە”، وەک “ڕووداوێکی یاسایی” لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە، ئەمەش نیگەرانی ڕیکخراوە کوردیەکان و خەڵکانی ناڕازی فەرەنسای لێکەوتەوە، وەزیری دادی فەرەنساش ئاماژەی بەوەکرد بە گوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە دەکریت ناسنامەی دۆسیەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
٢٤ی کانوونی یەکەم، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی داواکاری گشتیی پاریس، لەسەر داوای ویلیام ئێمی، ئەو پزیشکەی چاودێری دۆخی تەندروستی هێرشبەری کۆمەڵکوژییەکەی پاریسی کردووە، دەستگیرکردنی بکوژەکە ٦٩ ساڵەکەی بە بیانووی جێگیر نەبوونی دۆخی تەندروستی و نەگونجاوی زیندان بۆی بڕیاری دەستگیرکردنەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.
بەڵام پێداگری ڕەوەندی کوردی لە فەرەنسا جارێکی دیکە داواکاری گشتی خستەوە بەردەم بڕیاری دەستگیرکردنەوەی بکوژەکە و ئێوارەی دوێنێ، ٢٥ی مانگ، لە کاتژمێر ١٦:٢٠ خولەک بە کاتی پاریس بڕیارەکە گۆڕا و جارێکی دیکە دەستگیرکرایەوە.
لە کۆمەڵکوژییەکەدا کەسانی دیکەش بەشدارن
کەناڵی ستێرک تیڤی لە زاری پەیامنێری کەناڵەکەوە، لە شوێنی کۆمەڵکوژیەکەی پاریس ئاشکرای کردووە، بەپێی زانیارییەکانی کۆیان کردووەتەوە، ئەو ئۆتۆمبێلەی بکوژەکەی گەیاندووەتە نزیکی ناوەندی کولتووری ئەحمەد کایا سێ کەسی تیادا بووە و تا ئیستا ڤیدیۆی کامێراکانی ئەو ناوچەیەش ئاشکرا نەکراون، ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکە بکوژەکەی دابەزاندووە زیاتر لە ٢٠٠ مەتر لە شوێنی کۆمەڵکوژیەکە دوورە، پێش ناوەندەکەش نزیکەی ٤٠ شوێنی کاری خەڵکانی بیانی دیکەی لێیە، بەڵام بکوژەکە راستەوخۆ چووەتە ناوەندە کوردیەکە و ئەڤین گویی و هاوڕێیانی کوشتووە، بەڵام ناسنامەیان نادیارە.
جێی ئاماژەیە، لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، کۆمەڵکوژییەکی دیکە ئەنجامدرا و هەر سێ پێشەنگی کورد، ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز شەهیدکران، لەوکاتە حکومەتی فەرەنسا بکوژێکی بە ناوی عومەر گیونەی دەستیگرکرد کە دانی بە کوشتنەکەدا نابوو، بەڵام لە دواتردا دەرکەوت کە لەپشت عومەر گیونەی و کۆمەڵکوژی پاریسەوە میت و دەوڵەتی تورکیا هەیە و وترا کە عومەر گیونەی بە نەخۆشی شیرپەنجە لە زینداندا مردووە، بەهۆی نەبوونی فشاری هاوشێوەی فشارەکانی دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس تاوانباران ڕزگاریان بوو تا ئێستا کەیسی یەکەمین کۆمەڵکوژی پاریس یەکلا نەبووەتەوە، بەڵام فشاری ئەمجارەی ڕەوەندی کوردی حکومەتی فەرەنسا و داواکاری گشتی ناچارکرد، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەستگیکردنی بکوژە ٦٩ ساڵەکە، دووبارە بڕیاری دەستگیرکردنی بداتەوە.
دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس بۆ سەر ناوەندی کولتووری ئەحمەد کایا، لە کاتێکدایە لە کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ی پاریس نزیک دەبێتەوە و ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی مەراسیم دەکرێت، لەلایەکی دیکەوە، سێ ڕۆژ پێش ڕووداوەکە، فەخرەدین ئاڵتون، ڕۆژی ٢٠ی کانوونی یەکەم لە پانێڵێکدا بە ناونیشانی "پەیوەندییەکانی تورکیا و فەرەنسا: دەرفەت و ئارەزوو پێکەوە" لەمیانی قسەکردنێکیدا باسی لە هەوڵی ڕیکخراوە کوردیەکان کردووە کە بە "تیرۆرست" ناوی بردوون و وتویەتی کە هەڵمەتی ئەو ڕێکخراوانە لە وڵاتەکەدا ئەگەری ئەوەی هەیە کە پەیوەندی نێوان فەرەنسا و تورکیا تێکبشکێنێت و زیان بە فەرەنسا بگەیەنێت.