تەرمی ژنێکی دیکە بەسوتاوی لەژێر گڵدا دۆزرایەوە

تەرمی ژنێک بە سوتێندراوی لە شارۆچکەیەکی سەر بە کەرکوک، کە خراوەتە ژێرگڵ، دۆزرایەوە، ئەمەش دووەم حاڵەتە لە ماوەی نێوان ٣٠ ڕۆژدا لە باشووری کوردستان کە ڕوودەدات.

سلێمانی

 

لە چەمی توراغی شارۆچکەی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکوک، درەنگانی شەوی ڕابردوو، ٥ی کانونی یەکەم، تەرمی ژنێک دۆزرایەوە کە شوێنەواری گولـلە بەلاشەیەوە هەیە و هاوکات سوتێنراوە و کراوەتە ژێر گڵەوە،

 

تا ئێستا هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر ژنەکە و لەسەر ئەو ڕووداوە بەردەست نییە.

 

جێی ئاماژەیە، دۆزینەوەی ئەم تەرمە لەکاتێکدایە کە ژنێک بە ناوی "ناسكە قادر پیرۆت" لە شارۆچکەی چوارقوڕنەی سەر بەقەزای ڕانیە، کە لە ڕۆژی ١٣ی تشرینی دووەم لە ماڵەوە چووبووە دەرەوە و نەگەڕابوەووە، ڕۆژی ٢٣ی تشرینی دووەم لە نزیک بەنداوی دوکان لە خوارووی ڕانیە تەرمەکەی بە سوتێندراوی لەژێر گڵدا دۆزرابووەوە، ناسکە شوێنەواری ئەشکەنجە بە لاشەیەوە هەبووە.

 

عەقڵیەتی پیاوسالاری بۆ توندوتیژی و کوشتنی ژنان ڕێگەی دیکەی گرتووەتەبەر و ئەمە دووەم حاڵەتە لە ماوەی نێوان ٣٠ ڕۆژدا کە لە باشووری کوردستان ڕوودەدات و ژنان بە فیشەک دەکوژن و پاشان دەیانسوتێنن و دەیانخەنە ژێرگڵ بۆ شاردنەوەی ئەو کارە دڕندانەیەیان.