"ئایا کەس پرسی لە ماوەی ٢٠ ساڵدا چیکراوە بۆ خزمەت و پێشکەوتنی سلێمانی"

چالاکوانێک دەربارەی یادکردنەوەی شاری سلێمانی بە هەڵپەرکێ و ئاهەنگ و دۆخی ئێستای شارەکە دەنووسێت، "سلێمانی لە نێوان هەناسە توندی دووکەڵ و گازی فرمێسکڕێژ و هەڵپەڕکێی یادەکەیدا میوانەکانی حەپەساندووە".

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٢٣٨ ساڵ بەسەر دامەزراندنی سلێمانیدا تێپەڕی و بە کردنەوەی پێشەنگا و فێستیڤاڵ و هەڵپەڕکێ و گۆرانی یادەکەی کرایەوە، لە لایەکی دیکەوە، خوێندکارانی زانکۆکان لە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بۆ مافەکانیان ئەنجامدا و لە سلێمانی بە گازی فرمێسکڕێژ و پڕژاندنی ئاو بڵاوەیان بە خۆپیشاندانی مەدەنی خوێندکاران کرد و چەندینیان بریندار بوون.

 

هەر دوێنێ، ڕژێمی ئێران لە ٩ی بەیانییەوە بۆردومانی قەڵای دیموکراتی لە کۆیە و گوندی زڕگوێزی لە سنوری شاری سلێمانی کرد و بریندار و شەهید هەیە.

 

نەسرین مارف، چالاکوان دەربارەی دۆخی شاری سلێمانی و یادکردنەوەی بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی و گوێنەدان بە قەیرانەکانی ڕووی لە خەڵکی کردووە، کوشتن و نائارامی و ناڕەزایەتی و گردبوونەوەکان لە فەیسبووکی خۆی دەنووسێت: "سلێمانی لە نێوان هەناسە تووندی دووکەڵ و گازی فرمێسکڕێژ و هەڵپەڕکێی یادەکەیدا میوانەکانی حەپەساندووە".

 

دەقی بڵاوکراوەکە؛

"سلێمانی لە نێوان هەناسە تووندی دووکەڵ و گازی فرمێسکڕێژ و هەڵپەڕکێی یادەکەیدا میوانەکانی حەپەساندووە، ئایا ئەمە ئازادیە لەیەک کاتدا بۆ داواکاریەکی ڕەوای خۆت بەردباران و گازباران بکرێیت و لەلایەک هەڵپەڕین و خۆگۆرین و قردێلە بڕین بێت؟، ئایا یادی سلێمانی بە پیشاندانی دەستکەوتەکانی ساڵانی ڕابردوو و نیشاندانی پرۆژەکانی داهاتوو دەبێت، یان بە بۆنە سواوەکانی ساڵانی پیشوو دەبێت ؟ ئایا کەس پرسی لە ماوەی بیست ساڵدا چی کراوە بۆ خزمەت و پێشکەوتنی سلێمانی؟، ئەی ئێستا سلێمانی لە چ قۆناغێکدایە؟، ڕەوشی خوێندن چۆنە؟، نەخۆشخانەکان لە چ ئاستێکدان؟، ئەی سەوزایی و ژینگەی سلێمانی و بناری گۆیژە حاڵیان لە چیدایە؟، کێ بەرپرسە لە ڕێکخستنی بازاڕ و پاوانکردنی شار؟، کێ زەویەکانی شاری دزی؟، ئێستا سلێمانی شاری ڕۆشنبیرییە؟ یان شارە بێ خاوەنە بێ کەسەکەیە کە تروسکەی ڕۆشنبیری و گەشەکردنی تێدا نابینرێت."