ژنانی سەرکردایەتی حزبەکانی هەرێم داوای قەدەغەکردنی  هێرشى درۆن دەکەن

بەشێک لە ژنانى سەرکردایەتى حزب و لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان، داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەن، بە بڕیارێک هێرشى درۆن بۆ سەر ئاسمانی هەرێمى کوردستان قەدەغە بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دژی تۆپباران و بۆردوومان و هێرشە درۆنییەکانی وڵاتان بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ڕژێمی ئێران و دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بەشێک لە ژنانى سەرکردایەتى حزب و لایەنە سیاسییەکان، یاداشتێکیان ئاڕاستەی جنین پلاسخارت، نوێنەرى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق کرد.

 

لە یاداشتەکەدا، داواى ڕاگرتنى ئەو هێرشە درۆنی و مووشەکییانە دەکەن کە دەکرێتە سەر هەرێمى کوردستان و دەبێتە هۆى زیان گەیاندن بە ناوچە کشتوکاڵییەکان و گوندنشینان و هاوڵاتییانی مەدەنی و ژن و منداڵ دەبنە قوربانی، ئەمەشیان بە پێچەوانە و پێشێلکردنى بڕیارى "١٣٢٥"ى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتوەکان لەقەڵەم داوە، کە بڕیارەکە جەخت لە پاراستنى ژن و منداڵ دەکاتەوە لە شەڕ و ناکۆکییەکاندا.

 

لەبارەى ناوەڕۆک و ئامانجى یاداشتەکەیانەوە سوعاد عەبدولڕەزاق، ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد کە ئێستا نەک تەنیا فڕۆکە و تۆپخانەکان بەڵکو بە درۆن هێرش دەکرێتە سەر خاکی هەرێم، وتی: "بۆیە هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە بڕیارێک لە نەتەوەیەکگرتوەکان دەربکرێت وەک بڕیارى ٦٨٨ى ساڵى ١٩٩١ بۆ درووستکردنی ناوچەی دژە فڕین و پاراستنى هەرێمى کوردستان لە هێرشى درۆنەکان لە هەر لایەکەوە بێت".

 

ئاشکراشیکرد کە لە ئایندەدا بە شێوەیەکى فراوانتر کار لەسەر ناوەڕۆکى یاداشتەکە دەکەن و دەچنە بەغداد و یاداشتەکە دەگەیەننە وەزارەتى دەرەوەى عێراق، هەروەها ڕەنگە لە داهاتوودا ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنیش بێننە ناو پڕۆسەکە و لەگەڵ سەرۆکایەتى هەرێم و پەرلەمانیش کۆببنەوە بۆ دروستکردنى کۆدەنگى زیاتر لەسەر ئەم پرسە، کە ئامانج لێى پاراستنى قەوارەى هەرێم و هاوڵاتییانى مەدەنى و ناوچە گەشتیارى و کشتوکاڵییەکانە لە هەر هێرشێک.