ئەفغانییەکانی ئەڵمانیا دژی کۆمەڵکوژی هەزارەییەکانی ئەفغانستان گردبوونەوە

هاوڵاتییانی ئەفغانستان لە شاری هامبۆرگی وڵاتی ئەڵمانیا گردبوونەوە و بەرامبەر بە "جینۆسایدی هەزارەکان"ی ئەفغانستان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناوەندی هەواڵ

 

سەدان ئەفغانی دانیشتووی شاری هامبۆرگی وڵاتی ئەڵمانیا بە بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدانی قوتابخانەی کاج و وتنەوەی دروشم ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە کوژرانی هاوڵاتیانی هەزارە دەربڕی و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای ڕاگرتنی "جینۆسایدی هەزارەکان"یان لە ئەفغانستان دەکرد.

 

پێشتریش ئەفغانییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئوسترالیا و نیوزلەندا، شارە گەورەکانی ئەوروپا، لەوانە لە برۆکسل لەبەردەم بارەگای یەکێتی ئەوروپا، لە ناوەندی شاری ڕۆما، لە چەند شارێکی ئەڵمانیا، پاریس، ئۆسلۆ، ستۆکهۆڵم گردبوونەوەیان دژی "جینۆسایدی هەزار ساڵە" ئەنجامداوە.

 

ماوەیەک دوای تەقینەوەی خۆکوژی لە قوتابخانەی کاج لە ناوچەی دەشتبەرچی لە ڕۆژئاوای کابول، کاربەدەستانی تاڵیبان دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەم ڕووداوەیان ڕاگەیاند و بە کاری "دوژمنانی ئیسلام و نیشتمان" ناویان برد، بەڵام تا ئێستا هیچ گروپێک بە داعشیشەوە بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەیان لە ئەستۆ نەگرتووە و زۆربەی قوربانیانی ئەم هێرشە ژنانی "هەزارە" بوون کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٢٥ ساڵ بووە و لە کاتی بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکاندا بوون.