لە دادگاییکردنی تۆمەتباری کوشتنی دەنیز پۆیراز پۆلیس هێرشی کرد

پێنجەمین دانیشتنی دۆسیەی کوشتنی دەنیز پۆیراز بەڕێوەچوو، پۆلیس هێرشی کردەسەر ئامادەبووانی دادگاییەکە و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ پێنجەمین دانیشتنی دۆسیەی دەنیز پۆیراز لە شەشەمین دادگای تاوانی قورسی ئیزمیر بە ئامادەبوونی بکوژ، ئۆنور گەنجەر و بنەماڵەی دەنیز پۆیراز، نوێنەرایەتی هەدەپە و جەهەپە و پاریزەران بەڕێوەچوو،  ئامادە بوون.

 

لە دانیشتنەکەدا شاندی دادگا بڕیاری ئەوەیاندا جگە لە پارێزەرانی دۆسیەکە هیچ پارێزەرێکی دیکە بەشداری نەکات و لە شوێنی پارێزەرانیش دوورخرانەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی پارێزەرانی لێکەوتەوە، بەرپرسی سەندیکای پارێزەرانی ئیزمیر، ئۆزکان یوجەل، کاردانەوەی بەرامبەر بە قسەکانی سەرۆکی دادگا نیشان دا و وتی: ئێمە بە بڕوانامەی دەسەڵات دانراوین. ناتوانی پێمان بڵێی لەناو ئامادەبووان دابنیشن، ئەو شوێنە بەجێناهێڵین کە بۆ ئێمە تەرخان کراوە. ئەگەر دەتەوێت ئێمە لێرە دەربهێنیت، ئەوا دەبێت ڕێگەیەکی تر تاقی بکەیتەوە.

 

لە بەرامبەردا شاندی دادگا وتی: ئێوە مافی قسەکردنتان نییە، بڕیارە کاتییەکە کراوە نییە بۆ مشتومڕ و ئێمە مافی قسەکردن بە پارێزەران نادەین، هاوکات تورکان ئەسڵان ئاگاچ، یەکێک لە پارێزەرانی دۆسیەکە ڕایگەیاندووە، ئەو بڕیارەی دراوە نایاسایی بووە.

 

شاندی دادگا هۆڵەکەیان بەجێهێشت

گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پارێزەران و ئەفسەرانی ئاسایشدا دروستبوو، ئامادەبووان کاردانەوەیان بەرامبەر بە هەڵوێستی شاندی دادگا نیشان دا و ڕایانگەیاند؛ "بکوژ دادگایی بکەن"، موراد چەپنی، پەرلەمانتاری هەدەپە ڕایگەیاند، سەرۆکی شاندی دادگا بە ئەنقەست دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.

 

لەم نێوەندەدا بکوژ ئۆنور گەنجەر دژی برای دەنیز پۆیراز، بە ناوی کامەران پۆیراز قسەی کرد، لە دوای وەڵامدانەی کامەران پۆیراز، یەکێک لە جەندرمەکان هێرشی کردەسەر کامەران، دوای دروستبوونی گرژییەکان ئامادەبووان کاردانەوەیان نیشاندا و ئاڵۆزی دروستبوو، شاندی دادگا هۆڵی دادگاییەکەیان چۆڵکرد و جەندرمەکان گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا، هاوکات بکوژ لە هۆڵەکە بە پارێزراوی لە هۆڵەکە دوورخرایەوە.