سەیوان ڕۆستەم: ناگیهان ئاکارسەل ژنێکی ڕۆشنبیری خاوەن قەلەم بوو

 ئەندامێکی یەکێتی ژنانی کوردستان ئاماژە بە درێژەدان بە تێکۆشانی شەهید ناگیهان ئاکارسەل دەکات و بە ژنێکی خاوەن فکر و قەڵەم دەیناسێنێت.

سلێمانی

 

شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل-ناسراو بە زیلان، برینی لە دڵی ژنانی کوردستاندا دروستکرد، ژنانی باشووری کوردستانیش بێبەش نەبوون لە زامی تیرۆرکردنی هەڤاڵ زیلان، چونکە ژنێکی خاوەن فکر و ڕۆشنبیر بوو، لە بڵاوکردنەوەی فکری ئازادی ژن ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە و هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ژنانی کوردستان و جیهان داوە، هەمیشە دروشمی "ژن-ژیان-ئازادی" بنەمای تێکۆشانەکانی بوون.

 

بۆ ئەو مەبەستەش ژنان هاوخەمی خۆیان دەربڕی و بەڵێنی درێژەدانی خەباتەکەیان دووپاتکردەوە، ئاماژەیان بەوەکرد، شەهیدکردنی هەڤاڵ زیلان شەهیدکردنی قەڵەم و ڕۆشنبیرییە.

 

سەیوان ڕۆستەم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتی ژنانی کوردستان، دەربارەی شەهیدکردنی، ناگیهان ئاکارسەل باسی لەوەکرد، ماوەی چوار ساڵە بەرکەوتنی لەگەڵدا هەبووە، بە ژنێکی هێمنی خاوەن ڕۆشنبیری و هزر قەڵەم ناساندی، وتی: بەداخەوەم بۆ شەهیدکردنی هەڤاڵ ناگیهان، چونکە ژنێک بوو هەرگیز بیری لە توندوتیژی نەکردووەتەوە، سەرتاپای خەباتەکانی دووربوون لە پرنسیپەکانی توندوتیژییەوە".

 

لە باسی ناگیهان ئاکارسەلدا دەڵێت: ئەو ماوەیەی لە باشوور خەباتی دەکرد سەلماندی بۆ ژنان دەتوانن تێکۆشان و بەدەستهێنانی مافی ژن هێمنانە ئەنجام بدەن، ئامانجی بوو لە ڕێی بیر و بڕواوە ژنان هۆشیار بکاتەوە لە داواکردنی مافی خۆیان و خودناسیان.

 

سەیوان ڕۆستەم باسی لەوەکرد لە پێناو تێکۆشان و خەباتی ژنان نەک تەنها هەڤاڵ ناگیهان بەڵکو چەندین ژنی دیکە شەهیدکراون، بەڵام گرنگە بزانرێت خەبات بەردەوامە و کۆتای پێنایەت، پێویستە تیرۆرکەران بزانن خەباتی ژن بە تیرۆرکردنی ژنان زیاتر سوور دەبێت.