تاڵیبان قوتابخانە ناوەندییەکان دادەخات و کاردانەوەکانیش ئەو بڕیارە ڕەتدەکەنەوە

بەپێی خەمڵاندنی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف، خوێندنی ناوەندی بۆ نزیکەی سێ ملیۆن کچ لە ئەفغانستان قەدەغەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیاری تاڵیبان بۆ داخستنی قوتابخانەی كچان لە پارێزگای پەكتیای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، كچان و خێزانەکانی توڕە كرد، كچان لە ١٠ی ئەیلولدا لە پارێزگاکە خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ڕێكخست و داوای هەڵگرتنی كۆت و بەندەكانی خوێندنی كچان بە تایبەتی لە قوتابخانە ناوەندییەكانیان کرد و جلوبەرگی قوتابخانەکەیان کە لەچكی سپی و پانتۆڵ و کراسی ڕەشە، لەبەریانکردبوو.

 

چالاکوانێکی مافی ژنان باسی لەوەکردووە، بە خوێندکارەکان ڕاگەیەندرابوو کە هەفتەی ڕابردوو لە پێنج قوتابخانەی ناوەندی حکومی بۆ کچان لە ویلایەتەکە دەست بە خوێندن دەکرێتەوە وەک وەڵامێک بۆ پێداگری سەدان خوێندکار کە لە خوێندن بێبەش بوون، بەڵام ڕۆژی شەممە لەگەڵ گەڕانەوەی خوێندکارەکان بۆ قوتابخانەکانیان لە گاردێزی پایتەختی ویلایەتەکە گەڕێندرانەوە بۆ ماڵەکانیان.

 

خوێندکاران جەختیان لەوە کردەوە کە پەروەردە مافێکی سەرەتایی مرۆڤە، هەروەها داوای کردنەوەی قوتابخانەکانیان بە فەرمی کرد.

 

دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە مانگی ئابی ٢٠٢١ەوە، تاڵیبان كۆت و بەندێكی توندی بەسەر كچان و ژناندا سەپاند بەگوێرەی چەمكی توندی خۆی لە ئیسلام و دوورخستنەوەیان لە ژیانی گشتی، هەروەها لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا فەرمانی داخستنی سەرجەم قوتابخانە ناوەندییەكانی كچان دەركرد.

 

بەرپرسان جەخت لەوە دەكەنەوە كە قەدەغەكردنی خوێندنی كچان "بابەتێكی تەكنیكییە" و كاتێك مەنهەجێك لەسەر بنەمای یاسای ئیسلامی پەسەند بكرێت، خوێندن دەست پێدەكاتەوە، بەڵام هەندێك لە قوتابخانە حكومیەكان لە هەندێك شوێنی وڵات بە كراوەیی مانەوە، بەڵام لە زۆربەی پارێزگاکانی ئەفغانستان بە تایبەت لە پایتەختی کابول و قەندەهار دەرگای قوتابخانەکان داخراون.

 

تاڵیبان لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕێسای سەپاندووە کە باس لە سنووردارکردنی هاتووچۆی ژنان بەبێ مەحرەم و قەدەغەکردنی پێکەوە سەردانیکردنی ژن و پیاو بۆ پارکەکان دەکات.