گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ژنانی مەریوان لە دژی نەبوونی ئاسایشی ژنان

ژنانی مەریوان بە دروشمی "ئێمە ئاسایشمان دەوێت" لە بەردەم دادگای مەریوان گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٦ی ئەیلول، کۆمەڵێک لە ژنان و چالاکوانی بزوتنەوەی ژنان لە بەردەم دادگای شاری مەریوان گردبوونەوە و داوای ئاسایشی ژنانیان کرد، بەپێی ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، ئەو ژنانە بە هەڵگرتنی دروشمەکانی سەبارەت بە زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان و نەبوونی ئاسایش ناڕەزایەتیان دەربڕیوە.

 

ژنان و چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنان دروشمی "ئاسایشمان دەوێت"یان وتەوە و داوایان لە حکومەتی ئێران کرد کە رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە زیادکردنی توندوتیژی و زوڵم لەسەر ژنان، ئاسایشیان مسۆگەر بکات.

 

ئەم ناڕەزایەتییە دوای ئەوە دێت، کە ژنێک لە شاری مەریوان لەلایەن پیاوی دراوسێکەیانەوە دەستدرێژی سێکسی دەکرێتەسەر و ژنەکە لە نهۆمی دووەمی ماڵەکەوە ناچار بووە خۆی فڕێبداتە خوارەوە، ئێستا لە نەخۆشخانەیە و باری تەندروستی نازانرێت.

 

دەستدرێژکارەکە دەستگیرکراوە و لە زینداندایە، دادگای شاری مەریوانیش دەنگۆی ئازادکردنی تاوانبارەکەی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاند کە بە توندی مامەڵە لەگەڵ تاوانباردا دەکرێت.

 

ئەگەر یەکێک لە نیگەرانییەکانی ژنان و چالاکوانانی مافی ژنان مامەڵەکردن بێت لەگەڵ پرسەکانی ژنان، بەڵام حکومەتی ئێران بە پێچەوانەی خواستی ژنان هەڵسوکەوتی کردووە و پڕۆژە یاسای پاراستنی مافی ژنانی لەبیرکردووە، ئەمەش سیاسەتێکە کە ساڵانێکە کاری پێدەکرێت بۆ پەراوێزخستنی ژنان لە کۆمەڵگەدا.