ئەناهید قەسەبیان: سەرکەوتنە مێژووییەکان بە یەکڕیزی ژنان بەدەستدێت

ئەناهید قەسەبیان، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ئامادەکاری کۆنگره‌ی یه‌كێتی ژنانی ئه‌رمه‌نی ئاماژەی بەوەدا،  به‌ستنی كۆنگره‌ وه‌ڵامێكه‌ بۆ پلانه‌كانی داگیركاری و جینۆساید

ڕۆنیدا حاجی – عەبیر محەمەد

 

حەسەکە- بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، یەکێتی ژنانی ئەرمەنی دوای ١٠٧ ساڵ لە جینۆساید، لە سوریا خۆیان ڕێکخست و لە ٣٠ی ئابدا یەکەمین کۆنگرەیان لە ناوچەی تل حەجەر لە شاری حەسەکە بە بەشداری ١٥٠ ئەندام سازکرد.

 

ڕێکخستنەکانی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشدار بوون و کۆنگرە پێشکەشی تێکۆشەر سیلڤا کابوتیکیان کرا.

 

ئەناهید قەسەبیان، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ئامادەکاری کۆنگره‌ی یه‌كێتی ژنانی ئه‌رمه‌نی، ئاماژەی بە تێکۆشانی سیلڤا کابوتیکیان کرد و وتی: لە مێژوودا زۆرێک لە ژنانی تێکۆشەر هەن بۆ دۆزی ئەرمەنەکان کار و خەباتیان کردووە، یەکێک لەو تێکۆشەرانە سیلڤا بوو، کە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی ساڵی ١٩١٥ی بە دەستی عوسمانییەکان بە پێنوسی خۆی نووسیویەتییەوە، هەروەها داوای تۆڵەکردنەوە و یاخیبوونی بۆ ئازادی هەموو ژنان و دۆزی ئەرمەنەکان دەکرد، سیلڤا بە پێنووسەکەی بووە دەنگی ئازاری کۆچ و بەرخۆدانی ساڵی ١٩١٥ی ئەرمەنەکان. هەر لەبەر ئەو هۆیەش بەستنی كۆنگرەی ئەمڕۆمان و ڕێكخستنبوونمان درێژەی هێڵی تێکۆشانی سیلڤا و هەڤاڵەكانیەتی.

 

"ئامانجمان کۆکردنەوەی گەلی ئەرمەنی و خاوەندارێتی مێژوو و شوناسە"

ئەناهید قەسەبیان باسی لەوەکرد كۆكردنەوەی ژمارەیەكی وا لە ژنانی ئەرمەنی بەهێزترین وەڵامی دوژمنە و وتی: كاتێك گەلی ئەرمەنی كۆمەڵكوژ كرا، بڵاوەیان پێکرا و ناسنامەی خۆیان ونکرد، ئەمە یەكێك بوو لە ئامانجە سەرەكییەكانی دوژمن، دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا، ئەنجومەنی کۆمەڵگەی ئەرمەنەکان دامەزرا و کار بۆ کۆکردنەوەی گەلی ئەرمەنی کرا. بینیمان گەلی ئەرمەنی بەهۆی هەڕەشەی دەسەڵاتی عوسمانی و دەوڵەتەکانەوە ئایینەکەیان گۆڕیوە بۆ ئیسلام. بەڵام دوای ئەم شۆڕشە هەمووان بوێرییان هەبوو بڵێن من ئەرمەنیم و کۆمەڵکوژیم بەرامبەر کراوە، بۆ ئەوەش وەک یەکڕیزی ژنانی ئەرمەنی ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە هەمووان بگەڕێنەوە بۆ ڕاستینەی خۆیان و خاوەنداری لە کولتوور و شوناس و مێژووی خۆیان بکەن، کۆبوونەوەکەشمان سەرکەوتنێکی مێژووییە، لێرە کۆبووینەتەوە بۆ پاراستنی بەهاکانی شۆڕش.

 

"بە ڕێکخستنبوونمان خەونی داپیر و باپیرانمان بەدیدەهێنین"

ئەناهید قەسەبیان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا درێژەی جینۆسایدی ساڵی ١٩١٥یە. ئەوان دەیانەوێت جارێکی دیکە مێژووی ڕەشی خۆیان دووبارە بکەنەوە و خەڵک بکوژن بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارییەکەیان زیندوو بکەنەوە. ئێمە دەڵێین لە پێناو شکستپێهێنانی ئەم هێرشانەدا کۆدەبینەوە و ڕێکخستنەکانمان بەهێز دەکەین و خەونی داپیر و باپیرانمان بەدیدەهێنین.