نیاز عەبدوڵا: دۆخی عێراق ئەنجامی کەڵەکەبوونی قەیرانەکانە

نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس دەربارەی دۆخی عێراق دەڵێت: دەستێوەردانەكانی ئێران و وڵاتانی هەرێمی هەرگیز دەرفەتیان بە لایەنە عێراقییەكان نەداوە گفتوگۆ لەسەر بنەما نیشتیمانییەكان ئەنجامبدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دۆخی عێراق دوای وازهێنانی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە سیاسەت، بەرەو ئاڵۆزی ملی کێشا و شەقامی عێراق و ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەخت شەڕی نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی سەر بە سەدر بە چەکی قورس، بەخۆیەوە دەبینێت، ٣٠ کەس کوژران و سەدان کەس بریندارن.

 

هەڵسەنگاندنەکان بۆ ئاڵۆزییەکانی عێراق و وازهێنانی سەدر و بەردەوامی چەندین ساڵەی ململانێ سیاسییەکان جیاوازن، دەستوەردانی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەناو عێراق و ڕاستەوخۆ لە بەڕێوەبردنی پەرلەمان و حکومەتدا، دەسەڵاتی عێراقی لاواز کردووە، بە جۆرێک ئەگەر بڕیارێک بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەی تێدانەبێت و لە بەرژەوەندی گەلدا بێت ڕێگە بە جێبەجێکردنی نادرێت، یەکێک لە ململانێ و باڵا دەستییەکانیش کە دۆخی عێراقی زیاتر شلۆقاندووە دەستوەردانی ئێران و باڵ باڵێنەی شیعەکانەوە لەناو خۆیاندا.

 

نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس لەبارەی عێراق ئاڵۆزییەکانەوە وەها هەڵسەنگاندن دەکات:

"ئەوەی ئەمڕۆ عێراق پیای تێدەپەڕێت، ئەنجامی كەڵەكەبوونی قەیرانەكان و دەربازبوونی سەرجەم گەورە تاوانبارانی جەنگ و گەندەڵكارانە لە سزای یاسایی و لێپرسینەوە، دەستێوەردانەكانی ئێران و وڵاتانی هەرێمی هەرگیز دەرفەتیان بە لایەنە عێراقییەكان نەداوە گفتوگۆ لەسەر بنەما نیشتیمانییەكان ئەنجامبدەن و بگەنە چارەسەرێكی ریشەیی.

 

ئەمڕۆ ئێران یەكلای كردەوە، ڕازی نییە هیچ مەرجەعێكی شیعەی عێراقی باڵا و ناوەند بێت لە دەرەوەی مەرجەعی شیعەی ئێرانی، ئێران دەیەوێت خۆی ناوەند و چەقی باڵای شیعە بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.

 

لە ماوەی خۆپیشاندانەكانی تشرین لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عێراق، سەدان كەس شەهید بوون و هەزارانی دیكە بریندار و كەمئەندامبوون، ئەمە جگە لەوەی چەندینی دیكە رووبەڕووی دەستگیركردن و هەڕەشەبوونەوە، بەڵام لە ئەنجامی فشارەكانی شەقام و داواكارییە مەدەنی و گرنگەكاندا، سەرۆك وەزیران گۆڕدراو و هەڵبژادن ئەنجامدرا، لەگەڵ ئەوانەشدا لەبەرئەوەی بەرەی گەندەڵكاران و دەسەڵاتدارە تاقیكراوەكان بەهێزتربوون نەتواندرا حكومەتێكی نوێ پێكبهێندرێت؛ سەرەڕای خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەش، بەڵام هەمان داواكارییە گرنگ و مەدەنییەكانی خۆپیشاندانەكانی تشرین لەناو داوای خۆپیشاندەرانی ناو پەرلەمان و ئێستا رەنگدانەوەیان نەبوو و جارێكی دیكە داواكارییەكان لە دەوری دین و مەزهەب دەخولێنەوە.

 

بۆیە لە سایەی بوونی زیاتر لە ٢٥ هێزی میلیشیای جۆراوجۆر كە دابەشبوون بەسەر بەرژەوەندی وڵاتانی هەرێمی و لایەنە عێراقییەكاندا، ئەستەمە عێراق بە ئاسانی دۆخی خوێنڕێژی ئێستای نێوان شیعە و شیعە تێبپەڕێنێت بۆ دۆخێكی سیاسی ئارامتر."