تا دێت مافی لەباربردنی منداڵ قورستر دەبێت

دوای ڕەتکردنەوەی مافی لەباربردن لەلایەن دایکانەوە، وەزارەتی دادی ئەمریکا دەستەیەکی نوێ دادەمەزرێنێت بۆ چاودێریکردنی ژنانی دووگیان و ئەوانەی خواستی لەباربردنی منداڵایان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

یەکێک لە کێشە باوەکانی ئەمریکا لەباربردنی منداڵ و مافی دایکانە، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزەران و لایەنگرانی مافی لەباربردنی منداڵ هەوڵدەدەن بڕیاردانی لەباربردن لە دەست دایکاندا بێت، چونکە مافی خۆیانە.

 

دوێنێ ١٢ی تەمووز، وەزارەتی دادی ئەمریکا دەستپێکردنی دەستەیەکی نوێی ڕاگەیاند، کە ئامانجیان پاراستنی تەندروستی و ئازادی ژنانە بۆ بڕیاری لەباربردنی منداڵ، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا، ئەو دەستەیەی کە بۆ پاراستنی مافی لەباربردن دانراوە چاودێری دۆخی تەندروستی ئەو ژنانە دەکات کە دەیانەوێت لە ژێر چاودێری تەندروستیان منداڵەکانیان لەبارببەن.

 

دەستپێکردنی دەستەیەکی نوێ بۆ چاودێریکردن، لە پاش ئەوە هات کە دادگای باڵا مانگی حوزەیران بڕیارێکی هەڵوەشاندەوە کە تایبەت بوو بەوەی ژنان خۆیان بڕیار لەسەر لەباربردنی منداڵەکانیان بدەن، دەستەکەش ئاماژەیان بەوە داوە، کار دەکەن بۆ چاودێریکردنی ئەو دەرمانانەی  بۆ لەباربردنی منداڵ بەکاردەهێنرێت، چونکە پێیان وایە کار دەکاتە سەر تەندروستی دایکەکەش.

 

وەزارەتی دادی ئەمریکا باسی لەوەکردووە، ئەم دەستەیە هۆشیاری ژنان لەسەر تەندروستیان زیاد دەکەنەوە، بە تایبەت لەو وڵاتانەی یاسا تیایدا بەرقەرارە، هەرچەندە پرسی لەباربردنی منداڵ لە زۆرێک لە وڵاتان لە ئێستادا مشتومڕی لەسەرە، داکۆکیکارانی چاودێری تەندروستی ژنان هۆشداریان داوە کە ڕەنگە هەندێک پڕۆژەیاسا کاریگەری دوور مەودایان لەسەر تەندروستی ژنان هەبێت.

 

لە ئێستادا ٢٦ ویلایەت لەو بڕیارەدان لەباربردنی منداڵ قەدەغە بکەن، هەندێک ویلایەت یاسای تایبەت دادەنێن بۆ ئەو دایکانەی بۆ لەباربردنی منداڵەکانیان دەچنە دەرەوەی ئەو ویلایەتانە، تا کارەکەیان لەسەر قورس ببێت.