یەک لەسەر سێی هاوسەرگیرییەکانی پارێزگای سنە بە جیابوونەوە کۆتایی دێت

لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٣ هەزار و ٥٧٦ هاوسەرگیری و ١٥٣ جیابوونەوە لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

عەلی جۆکار، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری دانیشتووانی پاریزگای سنە، ڕایگەیاند، ٪٣٥ی جیابوونەوەی هاوژینان لە پارێزگاکەدا بووە، خستیەڕوو لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ٣ هەزار و ٥٧٦ هاوسەرگیری لە پارێزگای سنە تۆمارکراوە، بەپێی ئەو ژمارەیە تا کۆتایی مانگی حوزەیران بە ژمارەی ٧.٣ بۆ هەر هەزارێک تۆماری هاوسەرگیری دەکرێت.

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی تۆماری دانیشتووانی پارێزگای سنە، ژمارەی هاوسەرگیری لە ناوچە شارییەکاندا ٢ هەزار و ٨٧٦ و لە ناوچە گوندنشینەکان ٧٠٠ تۆمار بووە، تێکڕای تەمەنی هاوسەرگیری یەکەم بۆ ژنان ٢٣.٦٢ ساڵ و بۆ پیاوان ٢٧.٨٣ ساڵ بووە.

 

عەلی جۆکار وتیشی: لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا هەزار و ١٥٣ حاڵەتی جیابوونەوە لەم شارە تۆمارکراوە، ژماره‌ی تۆماری جیابوونه‌وه لە ناوچە شارییەکاندا ١٠١٥ حاڵەت و لە ناوچە گوندنشینەکاندا ١٣٨ حاڵەت بووە، تێکڕای تەمەنی جیابوونەوە بۆ ژنان ٣١.٣٨ ساڵ و بۆ پیاوان ٣٦.١١ ساڵ بووە.

 

بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاماری جیابوونەوە لەم ساڵانەی دواییدا چەندین هۆکاری هەیە، کێشەی دارایی و ئابوری بە گرنگترین فاکتەری ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە دادەنرێت. ئابوری لاوازی ئێران، هاندانى گەنجان بۆ هاوسەرگیری، بێکارى و بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەڵاوسانى ساڵانە گرفتى ئابورى لێکەوتووەتەوە و لە ئەنجامدا ناکۆکیى نێوان هاوژینان زیاددەکات.

 

کەمی تەمەنی هاوسەرگیری و هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا هۆکارێکی دیکەن بۆ زیادبوونی جیابوونەوەی هاوژینان.