لە حوزەیراندا؛ ٣١ ژن کوژراون و کوشتنی ٢٤ ژنی دیکە گوماناویییە

بەپێی ئەو داتایانەی لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە، ٣١ ژن و ٨ منداڵ لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، ٢٤ ژن و ٣ منداڵ بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتنی ژنان لە تورکیا بەردەوام لە زیادبووندایە، بەڵام دەسەڵاتداران لەم دۆخە بێدەنگن، دوای هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی ئیستەنبوڵ رووداوەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان هەڵکشانێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، نزیکەی ڕۆژێک بەبێ توندوتیژی دژ بە ژنان و کۆمەڵکوژی ژنان تێناپەڕێت، بەپێی ڕاپۆرتی مانگی حوزەیرانی ئاژانسی ژن نیوز، ٣١ ژن کوژراون و ٢٤ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

 

٨ منداڵ کوژران

بەپێی داتاکان کوشتنی منداڵان زیادیکردووە، لە مانگی حوزەیراندا ١٢ ژن هەوڵی کوشتنیان دراوە، ٨ منداڵ کوژراون، ٣ منداڵیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە. لەو ژنانەی کە کوژراون، ١٠ کەسیان لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون، ٥ ژن لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژراون، ٣ ژن لەلایەن ئەو پیاوەوە کوژراوە کە ویستویەتی جیاببێتەوە لێی یان لێی جیابووەتەوە، ٢ ژن لەلایەن دراوسێکەیان و ٤ ژن لەلایەن ئەو پیاوەی پەیوەندیان هەبووە کوژراون و ناسنامەی بکوژی ٧ ژنی دیکە ئاشکرا نەبووە.