چوار هەزار کەس بەهۆی سکچوونەوە داخڵی نەخۆشخانە کراون

بەهۆی بڵاوبوونەوەی سکچوون و ڕشانەوە و چوار هەزار کەس داخڵی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون و هەشت کەس مردوون و کە دووانیان منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما نەخۆشی سکچوون و ڕشانەوە زیادیکرد و بەهۆی زۆری ڕێژەی نەخۆشەوە لە شاری سلێمانی، جگە لە نەخۆشخانەی شار و نەخۆشخانەی منداڵان، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی نەخۆشخانەی شەهید هێمنی بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی سکچوون تەرخانکرد.

 

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە شەش ڕۆژی ڕابردوودا چوار هەزار کەس لە نەخۆشخانە داخلکراون کە منداڵ و بەتەمەنیان تێدایە.

 

لەگەڵ ئەوەی چەند نموونەیەکی تووشبووانی سکچوون نێردراون بۆ بەغدا بۆ پشکنین و دڵنیابوونەوە لە هۆکاری نەخۆشییەکە، ئەمڕۆ لیژنەیەک لە تەندروستی عێراقەوە هاتنە شاری سلێمانی بۆ لێکۆڵێنەوە لە هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی سکچوون لە شارەکە.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سینان غازی، بەڕێوەبەری سەنتەری كۆنتڕۆڵی نەخۆشییە گوازراوەكان لە تەندروستی عێراق و ئەندامی لیژنەکە ئاماژەی بەوەدا کە ڕێکارەکان کە نەخۆشخانەکانی سلێمانیدا گیراوەتەبەر، بەڵام پێویستە ڕێنمایی زیاتر لەلایەن تەندروستییەوە بڵاوبکرێتەوە و هاوڵاتیان زیاتر هەماهەنگی و پەیڕەوی ڕێنماییەکان بن بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی سکچوون.