شاندی ئاشتی لە هەولێر لەگەڵ لایەنەکان کۆبوونەوە

شاندی ئاشتی بۆ پاراستنی کوردستان هاتوونەتە باشووری کوردستان و لە شاری هەولێر لەگەڵ لایەنەکان کۆبوونەوە، ئامانجیان ڕاگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایە.

ناوەندی هەواڵ

 

شاندی ئاشتی بۆ پاراستنی کوردستان هاتوونەتە باشووری کوردستان و لە ئێستادا لە شاری هەولێر لەگەڵ لایەنەکاندا کۆدەبنەوە، ئامانجی سەردانەکانیان ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیایە بۆسەر باشووری کوردستان و خستنەڕووی هەڵوێستی لایەنەکانە.

 

شاندەکە دوێنێ لە شاری هەولێر لەگەڵ هەریەک لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و حزبی شیوعی کۆبوونەوە و تێیدا گفتوگۆیان لەسەر گرنگی هەڵوێستی نیشتمانی و ئامانج و مەترسی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیایان خستەڕوو.

 


         

شاندەکە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی یەنەکە، پەدەکە و گۆران کۆبوونەوە و هەڵوێستی ئەو لایەنانەیان لەبارەی هێرشەکانی بۆ دەرکەوت، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا کۆببنەوە و دواتر بێنە شاری سلێمانی.

 

لایەکی دیکەوە گروپێکی ئینتەرناسیۆناڵ، کە لە ٢٦ کەس و لە وڵاتی جیاوازە لەژێر چەتری یەکەکانی خەباتی نێونەتەوەیی کۆبوونەوە، ئامانجیان بوو لە ڕێگەی دەروازەی سنوری پێشخابورەوە بچنە ڕۆژئاوای کوردستان و پشتگیری ڕۆژئاوای کوردستان بکەن دژی هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە ڕێگرییان لێکرا و ڕێگە نەدرا دەروازەکە تێبپەڕێنن.

 

ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە ١٧ی نیسان بە پلانێکی پێشوەختە داڕێژراو، دەوڵەتی تورکیا هێرشی داگیرکاری لە ڕێگەی ئاسمان و زەمینییەوە بۆ سەر باشووری کوردستان و بە دیاریکراوی لەسەر ئامێدی، شیلادزێ، دێرەلوک و چیای کورەژارۆ دەستپێکرد، ئەم هێرشانە ناڕەزایەتی گەورەی لە چوار پارچەی کوردستان و عێراق و وڵاتانی ئەوروپا لێکەوتەوە.