بە ڕێژەی ٪٤٠ خواستی کۆچبەریی لە ئێران زیادیکردووە

بەهۆی ناسەقامگیری ئابووری و ناڕازیبوون لە دەسەڵات، ٥٣٪ ی پڕۆفیسۆر و توێژەران، ٤٥٪ی پزیشک و پەرستاران، ٤٣٪ی چالاکوانان و ٤٠٪ی خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووانی زانکۆ لە ئێران دەیانهەوێت کۆچ بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژینەوەیەک لەلایەن ڕوانگەی کۆچبەرانی ئێرانەوە ئەنجامدراوە، دەریدەخات خواستی کۆچکردن لە نێوان خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان، پزیشک و پەرستاران، پرۆفیسۆر و توێژەرانی زانستی، توێژەران و چالاکوانان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

 

بەپێی ئەو ئامارانەی کە بڵاویکردووەتەوە، خواستی کۆچکردن لە نێوان نوخبەکان و تەنانەت هێزی کاریش لە ٤٠٪ زیادیکردووە، ٥٣٪ی پڕۆفیسۆر و توێژەران، ٤٥٪ی پزیشک و پەرستاران، ٤٣٪ی چالاکوانان و٤٠٪ی خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووانی زانکۆ لە ئێران دەیانەوێت کۆچ بکەن.

 

لەم توێژینەوەیەدا ئەو هۆکارانەی کە کاریگەریان لەسەر کۆچکردن هەیە لێکۆڵینەوەیان لەسەرکراوە، گرنگترین فاکتەرەکان بریتین لە ناسەقامگیریی ئابووری و ناڕەزایی لە بەڕێوەبردن و نائومێدبوون لە داهاتووی وڵات، بەجۆرێک ٧١٪ی پزیشک و پەرستارەکان ئامادەن بەهۆی بارودۆخی وڵاتەوە کۆچ بکەن و ئەم ڕێژەیە لە ٥٨٪ لە نێوان خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووانی زانکۆ دایە، چالاکوانان ٦٠٪ و پرۆفیسۆر و توێژەرانیش ٨٢٪یان ئارەزووی کۆچکردنیان هەیە لە ژێر کاریگەری ئەو فاکتەرانەدا.