بڕیارە سبەینێ بێریڤان ئەیوب ئازاد بکرێت

دوای زیاتر لە ساڵێک و شەش مانگ لە دەستگیرکردنی بێریڤان ئەیوب، چالاکوانی بادینان، ڕێکارەکانی دادگا تەواو بووە و بڕیارە سبەینێ ئازادبکرێت، ئەگەرچی دەبوو ئازاد کردنەکەی لە پێش جەژن بووایە.

سلێمانی

 

بێریڤان ئەیوبی تەمەن ٣٦ ساڵ، دایکی ٥ منداڵ، یەکێک لە چالاکوانانی بادینانە لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە شاری هەولێر بە پێی ماددەی ١ لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ تایبەت بە تێکدانی ئاسایشی گشتی دەستگیرکرا، بێریڤان ئەیوب نزیکەی ١٦ مانگ لە زیندانی ئاسایشی هەولێر بێ دادگاییکردن مایەوە، دوای ئەو ماوەیەش بڕیاربوو لە ڕۆژی ١٤ی شوباتی ئەمساڵ دادگایی بکرێت، بەڵام بە بیانووی ڕووداوی هاتوچۆی کوڕی دادوەرەکە، دادگاییەکە بۆ ٢٨ی هەمان مانگ دواخرا، جێی ئاماژەیە پارێزەرانیش نەیانتوانیوە تا ئەوکاتە دۆسیەی بێریڤان ئەیوب ببینن.

 

بۆ جاری دووەم دانیشتنی کەیسی بێریڤان ئەیوب لە دادگا دواخرا، دواجار ٦ی ئادار سێیەمین دانیشتن بۆ کەیسەکە لە دادگای هەولێر لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، دادگا بڕیاری سزای دوو ساڵی دەرکرد و ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠  بۆ ھەژمار کرا لەگەڵ ئازادکردنی مەرجدار، کە تا ٥ی ئایاری ٢٠٢٢ لە زینداندا دەمێنێتەوە و لەو ڕۆژەدا دەبوو ئازاد بکرێت.

 

"ئاسایشی هەولێر ئاستەنگی لەبەردەم ڕێکارەکان دروستدەکات"

بەپێی بڕیاری دادگا دەبوو ئەو چالاکوانە لە ٥ی ئایاردا ئازادبکرێت، بەڵام ئاسایشی هەولێر ناسنامەی بێریڤانی نەدایەوە بە پارێزەران تا ڕێکاری ئازادکردنەکەی لە دادگادا بەڕێوە بچێت، کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تیی ئەمریکی و چاودێر لە کەیسی دادگاییکردنی بێریڤاندا، بە ئاژانسی نوژنهای ڕاگەیاند، "ئاسایشی هەولێر پێش جەژن ناسنامەی بێریڤانی نەدایەوە بە پارێزەران و دەستی دەستی پێدەکردن، دواتر پەیوەندیمان بە دکتۆر مونا یاقوب، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤەوە کرد و ئاسایش لەگەڵ تەواوبوونی دەوام ناسنامەکەیان دایەوە بە پارێزەران کە نەتوانرا پێش جەژن ڕێکارەکان تەواو بکرێت بۆ ئازادبوونی بێریڤان".

 

کامەران عوسمان ئەوەشی خستەڕوو کە دەبوو ئەمڕۆ بێریڤان ئەیوب ئازادبکرێت  و چاوەڕێن سبەینێ، ١٠ی ئایار بێریڤان ئەیوب، چالاکوانی بادینان دوای ١٦ مانگ دەستگیرکردن، ئازادبکرێت.