یونیسێف: لە هەفتەیەکدا زیاتر لە ٥٠ منداڵ لە ئەفغانستان کوژراون

یونیسێف هێرشەکانی ئەم دواییانەی سەر هاوڵاتیانی ئەفغانستانی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠ منداڵ کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوبەری هەرێمی ئەفغانستان لە یونیسێف ژمارەی کوژراوانی هێرشی ئەم دواییانەی بۆ سەر شوێنە گشتییەکان و قوتابخانەکانی ئەفغانستان ڕاگەیاند کە لە هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠ منداڵ کوژران.

 

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" لە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی نیسان ڕایگەیاند کە زنجیرەیەک هێرش و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان لە هەفتەی ڕابردوودا ڕوویداوە و بەوهۆیەشەوە زیاتر لە ٥٠ منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

 

جۆرج لاریا ئادجی، بەڕێوبەری هەرێمی باشوری ئاسیای یونیسێف لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا ڕایگەیاند، "لە ماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە ٥٠ منداڵ لە ئەنجامی زنجیرەیەک پێشێلکاریی بۆسەر مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا کارکردن بەردەوامە لە پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاری و ڕاپۆرتانەی بە دەست گەیشتوون، پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە بەرزبێتەوە."

 

لە تەقینەوەیەکدا کە ڕۆژی هەینی، ٢٢ی نیسان لە مزگەوتی مەولەوی ئیسکەندەری سەر بە پارێزگای کوندوزی ئەفغانستان ڕوویدا، تێیدا ٤ منداڵ کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون و جەختیشی لەوەکردەوە کە "پێویستە دەستبەجێ توندوتیژی دژ بە منداڵان بە هەموو شێوەکانیەوە بوەستێندرێت."