لە زانکۆی سلێمانی چالاکییەک بۆ ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی سازکرا

یادی ١٢٤ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوری لە زانکۆی سلێمانی کرایەوە و تیایدا گرنگی کاری ڕاگەیاندن و ڕەوشی میدیا لە ئێستای کۆمەڵگەدا باسکرا، داوا کرا چیتر ڕۆژنامەنووسان مافەکانیان پێشێل نەکرێت و ئازادانە کاربکەن.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشی ڕاگەیاندنی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی بە سەرپەرشتی دکتۆر ئیبتسام ئیسماعیل و بە بەشداری بەشی فیلمسازی کۆلێژی هونەر و لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، یادی ١٢٤ ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردییان کردەوە و پانێڵێکیان سازکرد بە ناونیشانی "بەرەو ڕاگەیاندنێکی بەرپرسی نیشتیمانی".

 

چالاکییەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و بە بەشداربوونی مامۆستایان، خوێندکارانی بەشی ڕاگەیاند و کۆلێژە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، دکتۆر ئیبتسام ئیبراهیم وتاری دەستپێکی چالاکییەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە دڵ خۆشن بە بوونی چەندین دەزگای جیاواز کە بە فکری جیاواز کاردەکەن، بەلام لەگەڵ بوونی سیستمێکدان کە کاری ئەم دەزگایانە ڕێکبخات بۆ ئەوەی سانسۆر لەسەر هیچ کام لە دەزگا و کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکان دانەنرێت.

 

وتیشی: دەبێت ڕاگەیاندن نەبێتە ئامرازێک بۆ تێکدانی سیستمی کۆمەڵگا، پێویستە مافی ڕۆژنامەوانان بپارێزرێت و هاوکاری سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بکرێت و ڕێگری لە بیروڕای ئازادی ڕۆژنامەنووسان نەگیرێت.

 

دواتر چەند کورتە ڤیدیۆیەکی ئامادەکراو لەلایەن خوێندکارانەوە نمایشکرا، دواتر پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر پاڤێ جەمیل پانێڵێکی بەڕێوەبرد کە تەوەرەکانی بریتیبوون لە "هۆشیاری تاک لەسەردەمی میدیای نوێدا، ڕەوشی کاری میدیا لە کوردستان، ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی و دیدێکی نوێ، فەیک نیوز لە سۆشیاڵ میدیای کوردیدا، ڕوانینێک بۆ ڕۆژنامەی کوردستان لە سێ گۆشەی جیاوازدا".