CPT: بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن سوپای تورکیا ٥٠ جار بۆردومانی کردووە

ڕێکخراوی سی پی تی بڵاویکردەوە کە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر باشوری کوردستان دەستپێکردووە و پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەش ٥٠ جار بۆردومانی شیلادزێ، دێرەلوک و کانی ماسی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتی تورکیا شەوی ڕابردوو، ١٧ی نیسان بە چڕی هێرشی زەمینی بۆ سەر چیای کوڕەژارۆ لە ئامێدی دەستپێکردووە، لە ١٥ی مانگیشەوە لە ڕێگەی فڕۆکەوە بۆردومانی ناوچەکانی شێلادزێ، دێرەلوک و ئامێدی دەکات، تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ڕاگەیاندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و داوادەکات کە دەستبەجێ دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی ڕابگرێت.

 

ڕاگەیەندراوەکەی سی پی تی بەم شێوەیەیە: "دوێنێ شەو، سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی نوێی لە ژێر ناوی چنگی-قفڵ لە ناوچەكانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دھۆك لە ھەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند.

بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە، ھێزی ئاسمانی توركیا نزیكەی ٥٠ جار گوندەكانی دەوروبەری شیلادزێ، دێرەلوك و كانی ماسێ'یان بۆردوومانكرد و بەدەیان سەربازی توركیش لە ھەلیكۆپتەرەوە بۆ سەر چیاكانی دەڤەری نێروە و ڕێكان دابەزێنرانە خوارەوە.

تیمی كوردستانی عێراقی CPT، داوا لە سوپای توركیا دەكات كە دەستبەجێ بۆردوومانەكانی بۆ سەر ھەرێمی كوردستان ڕابگرێت و چیتر ژیانی ھاوڵاتیانی مەدەنی نەخرێتە مەترسیەوە".

 

لەگەڵ راگەیەندراوەکەشدا سی پی تی ڤیدیۆی ناو شارۆچکەی شیلادزێیان بڵاوکردووەتەوە کە دەنگی تەقە و بۆردومانی تێدا دەبیسترێت.