وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: کوشتنی ژنان لە عێراق بە خۆکوژی نیشان دەدرێت

ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ ساڵی ٢٠٢١ لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە، تێیدا ئاماژە بە زیندانیانی بادینان و ئازادی ڕادەربڕین و دۆخی ژنان دەکات.

ناوەندی هەواڵەكان

 

ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢١ لە بارەی دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاوکرایەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختلەوە دەکاتەوە کە یەنەكە و پەدەكە خاوەنی دەزگای ئەمنیی و هێزی سەربازیی تایبەت بە خۆیانن و بە حزبی کراون، هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، پەدەکە و یەنەکە لەژێر ناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەریەکەیان دەزگای هەواڵگریی سەربەخۆی جیاوازیان دامەزراندووە.

 

ژنان بە ناوی شەرەفەوە دەکوژرێن

لەبارەی پرسی ژنانەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتەکەدا ئەو یاسایانە خراوەتەڕوو کە ڕەوایەتی بە توندوتیژی دژی ژنان دەدات، تییدا مادەی ٤٠٩ی یاسای ژمارەی ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ لە یاساکانی سزادانی عێراقی باسکراوە، خراوەتەڕوو کە ساڵانە سەدان ژن بەبیانوی شەرەف لە عێراق دەکوژرێن و لە هەندێک حاڵەتیشدا وەک خۆکوژیی نیشان دەدرێت، و بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان تەنها لە مانگی ئەیلولدا ١٩ کەیسی کوشتنی ژنانی بەبیانووی شەرەف ڕاگەیاندووە.

 

وەزارەتەکە باس لە ڕاپۆرتە ناوخۆییەکانی مافی مرۆڤ لەبارەی زیندانیان دەکات، "ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پشتڕاستی دەکەنەوە، کە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری بەر لە دادگاییکردنی تۆمەتباران ودەستبەسەرکراوان، ئەشکەنجە و مامەڵەی توند بەکاردەهێنن، بەپێی وتەی پزیشکی دادوەریش بەشێک لە قوربانیان کە دەبرێنە لایان شوێنی ئەشکەنجە و لێدان و ئێسک شکان لە جەستەیاندا هەیە، هەروەها باس لە حاڵەتەکانی مردن لەنێو ڕاگیراوانی دادگا بەر لە دادگاییکردن بەهۆی ئەشکەنجەی بەردەوام و دۆخی خراپەوە دەکەن کە لە زیادبووندایە".

 

لەبارەی دۆخی ناو زیندان و چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، کە ئەو ناوەندانە بەهۆی گرفتی درێژخایەنەوە گیرۆدە بوون، هەر لە زۆریی ژمارەی زیندانیان و دەستبەسەرکراوانەوە تا نەبوونی ئاو و ئاوەڕۆی گونجاو و پێویست و پاکوخاوێنی و بەکارهێنانی ئەشکەنجە، هەروەها ئەو سێ ناوەندەی کە تایبەتن بە ژنان بەتەواوی ژێرخانەکەی وێران بووە و بەسەرچووە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناش دۆخەکە بەرەو خراپتر چووە، ژمارەیەک زیندانی گیانیان لەدەستدا بەهۆی نەبوونی تیمی پزیشکیی و پێداویستی تەندروستیی بۆ تەواوی زیندانییەکان.

 

لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە ڕوونی یاسا پێشێل دەکرێت

ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەداوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشێلی یاسا دەکرێت و بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەما یاساییەکان و بە تۆمەتی هەڵبەستراو ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانی مەدەنی دەستگیردەکرێت، پاشان بۆ ماوەیەکی زۆر و بەبێ دادگایی و ڕێکارە یاساییەکان لە زیندانەکاندا دەهێڵرێتەوە، هەندێک جاریش ڕێگەنادەن ئەو کەسانە پارێزەر و دادوەر ببینن و حکومی زیندانیکردن دەدەنە پاڵیان، نموونەی زیندانیانی بادینان-یشی باسکردووە، "لەکاتی دەرچوونی فەرمانی ئازادکردنی زیندانیانیشدا بەمەبەست ڕێکارەکان پشتگوێ دەخەن تاکو ماوەیەکی زیاتر لە زینداندا بیانهێڵنەوە"

 

لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین ڕاپۆرتەكە جەختدەكاتەوە لە هەرێمی کوردستان هاوڵاتیان دەتوانن ڕا و ڕەخنەی خۆیان لە شێوازی حکومڕانی دەسەڵاتداران بگرن، بەڵام دەبێت ئامادەی کاردانەوەی دەسەڵاتداران و بەرپرسەکان بن، تادەگاتە گرتن و زیندانی کردن و لێدان و کوشتنیشم "حکومەتی هەرێم تەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خستووەتە ژێر چاودێری، هەندێک کات ئەو دەزگایانە دادەخات و بڵاوکراوەکانی مەرجدارکردووە و ڕێگریکردن لە دەرچوونی زانیاری گشتی و تایبەتیش هەروەها دەستێوەردان دەکات لە خزمەتگوزاری هێڵی ئینتەرنێت".

 

ڕۆژنامەنووسان دەستگیر دەکرێن و لێدەدرێن

باسی لە کاری میدیایی کردووە و ڕوونی کردووەتەوە، میدیا ناوخۆییەکان تا ئەو کاتە ڕێگەپێدراون کە گوزارشت لە بۆچوونی ئەو سیاسییانە بکات، کە لە پشتیانەوەن، ئەو ڕاگەیاندنانەی کە ناوی سەربەخۆیان خستووەتە پاڵ خۆیان، خۆیان دەپارێزن لە باسکردنی گەندەڵی و ڕەخنەگرتنی ڕاستەوخۆ لە بەرپرسەکان، پارتە سیاسییەکان بەتەواوی دەستیان گرتووە بەسەر هەموو جۆرەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەرییەکان، ڕێگەنادەن ڕۆژنامەنووسان دەستیان بگات بە زانیاریی و داتاکانی هیچ وەزارەت و دام ودەزگاکانی حکومەت.

 

"بەردەوامیش ڕۆژنامەنووسان بەرەوڕووی هەڕەشە و توندوتیژیی و گرتن و لێدان دەبنەوە، بەتایبەتی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بەدوای گەندەڵی و خراپییەکانی دەسەڵاتەوەن".