ڕێکخراوەکان: دەبێت موچە و ئیمتیاز بۆ تاوانبارانی ئەنفال تەرخان نەکرێت

١٢ ڕێکخراو و دەزگا لە شاری کەرکوک داوادەکەن موچە و ئیمتیاز بۆ تاوانبارانی ئەنفال تەرخان نەکرێت و تاوانبارانی تاوانی جینۆسایدەکانی بەعس بدرێتە دادگا.

ناوەندی هەواڵ

 

١٢ ڕێکخراو و دەزگا لە بەردەم کتێبخانەی گشتی کەرکوک گردبوونەوە و بەبۆنەی ٣٤ ساڵەی تاوانی ئەنفال یاداشتێکیان بڵاوکردەوە.

 

لە یاداشتەکەدا ئاماژە بەوەدەکەن حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بوونە حكومەنی داڵدەدانی تاوانبارانی جینۆساید، چونكە دەیان تاوانباری تاوانەكانی جینۆسایدی بەعس، لە سایەی ئەم دوو حكومەتە، ئازادانە دەژیین و مووچە و ئیمتیازیان بۆ بڕاوەتەوە و هەندێكیشیان پلە و پۆستیان پێ بەخشراوە، هەروەها ئاماژەیان بەوەدا کە ئەو ٤٢٣ تۆمەتبارەی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە ٢٠٠٧ەوە بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنیان بۆ دەرچووە، ناویان بدرێتە پۆلیستی ئەنتەرپول و حكومەتی وڵاتان، تا ڕەگەزنامە و مافی پەنابەرێتییان لێ وەربگیرێتەوە.

 

لە یاداشتەکەدا داوادەکەن کە گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبدرێتەوە و ڕووفاتی ئەنفالکراوان بهێنرێتەوە، شیکاری DNA بۆ ڕووفاتەکان بکرێت و بدرێنەوە بۆ کەسوکاریان، ئاماژەیان بەوەشدا کە سەربازگەی تۆپزاوە لە فەوتان و لە ناوچوون رزگاربكرێت و بكرێت بە مۆنۆمێنتێكی شایستە بە قوربانیانی ئەنفال، چونكە سەربازگەی تۆپزاوە بە هاوشێوەی سەربازگەی ئۆشفیتزی هۆڵۆكۆست، هەڵگری دەیان پەیام و چیرۆكی قوربانییانی ئەنفال.