یەکێتی ژنانی ئێزدی: ڕێگە بە دروستکردنی دیوار نادەین

یەکێتی ژنانی ئێزدی ئاماژەیان بەوەدا کە ڕێگە بە دروستکردنی دیوار لە نێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان نادەن و وتیان: ئێمە هەرگیز سازش لە مافەکانی خۆمان بۆ ژیانێکی ئازادانە ناکەین".

ناوەندی هەواڵ

 

کاردانەوەکان بەرامبەر دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگال لەلایەن سوپای عێراقەوە لە زیادبووندایە، یەکێتی ژنانی ئێزدی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە لەو بڕیارە ئیرادەی خەڵک بەرچاو نەگیراوە، "ئێمە ئیدانەی هەوڵەکان بۆ شکاندنی ویست و ئیرادەی گەلان و شارستانییەت و مرۆڤایەتی دەکەین، ئەو دەوڵەتانە هەوڵدەدەن ڕەگەزپەرستی دروستبکەن و خەڵکیان لە واقیعی پێکەوەژیانی هەزاران ساڵەی خەڵک لەسەر بنەمای خۆشەویستی و پێکەوەیی دووردەخەنەوە، نمونەی هەوڵەکانیش دروستکردنی دیوارە لە نێوان باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق".

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوەدا کە دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی بەردەوامی پلانگێڕی ٢٠١٤یە، "لە ساڵی ٢٠١٤دا ناوچەکانی شەنگال بەهۆی هێزە تاریکپەرستەکان و چەتەکانی داعش و لایەنگرانیانەوە ئازارزۆریان چەشت، پیاوان کوژران و ژنانی شەنگالی فرۆشران، ئەو هێزانەی وابڕیاربوو گەلەکەیان بپارێزن بە بەرچاوی جیهانەوە پشتیوانی داعشیان کردووە و ئەمڕۆ بە دروستکردنی دیوار پلانەکانیان درێژە پێدەدەن".

 

لە درێژەی بەیاننامەکەشدا هاتووە، "لە کۆتاییشدا دەڵێین کە هەموو ڕۆژێک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدەدەن و هەموو هەرێمەکان بۆردوومان دەکەن و خەڵک دەستگیردەکرێت و دەکوژرێت، بۆئەوەی ئێمە بۆ سیاسەتە ڕەگەزپەرست و شۆڤێنییەکانی ئەوان سەرشۆڕ بکەین، بەڵام با دوژمن بزانێت ئێمە ڕێبازی شەهیدەکانمان بەرنادەین و هەرگیز سازش لە مافی خۆمان بۆ ژیانێکی ئازاد ناکەین".

 

ت.پ