شاندێکی بەریتانی لێکۆڵینەوەی لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە باشوری کوردستان کرد

شاندێکی بەریتانی کە سەردانی باشوری کوردستانیان کردووە، لێکۆڵینەوەیان لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کرد و ئاماژەیان بەوەدا "گومان دەکرێت دەوڵەتی تورکیا چەکی کیمیایی لە هێرشەکانیدا بەکارهێنابێت".

ناوەندی هەواڵ

 

٢٨ی شوبات تا ٩ی ئادار شاندێکی بەریتانی پێکهاتوو لە کەسایەتی سیاسی، چاودێر و ڕۆژنامەنووس سەردانی باشوری کوردستانیان کرد و چاویان بە ڕزگاربووانی ئەنفال و ئەو خێزانانە کەوت کە زەرەرمەندی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیان، هەروەها لەگەڵ کەسوکاری زیندانیانی بادینان و بەشێک لە ئازادکراوەکاندا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، پارێزەران، لایەنە سیاسییەکان و ڕۆژنامەنووسان کۆبوونەوە.

 

دوای سەردانەکەیان شاندە بەریتانییەکە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە تورکیا کامپی پەنابەرانی مەخموری بۆردوومان کردووە کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، هەروەها نەخۆشخانەیەک لە شەنگال کە چوار کارمەندی تەندروستی تێدا بووە، بەهۆی تۆپبارانەکانی تورکیاوە کە بەردەوامە لە بەئامانج گرتنی ناوچە مەدەنییەکان، نزیکەی دوو هەزار هاوڵاتی ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.

 

هێرشەکانی تورکیا بە تاوانی جەنگ بە ناو کراوە

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا بڵاوکراوەتەوە، "ئەوەی زیاتر جێی مەترسیی و دوودڵییە، گوماندەکرێت تورکیا لەکاتی هێرشەکانیدا بۆ خاکی ژێر دەسەڵاتی عێراق، چەکی کیمیایی بەکارهێنابێت"، شاندەکە بە تاوانی جەنگ بەناوی کردوون و داوا دەکات بەوشێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

 

هەروەها هاتووە، دەست بەستراویی و سستی لە ئاست هەموو ئەو بەڵگە حاشاهەڵنەگرانە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، واتای ئەوەیە هێزەکانی ڕۆژئاوا، لەنێویشیاندا بەریتانیا، تێوەگلاون لەو تاوانانە، بەر لە ٣٤ ساڵ، کۆمپانیاکانی بەریتانیا و ئەمریکا چەکیان دەفرۆشت بە ڕژێمی پێشووی عێراق، تەنانەت ئەو چەکە کیمیاییەشیان پێدا کە کوردەکانی پێ کیمیابارانکرد، ئێستاش هەمان چیرۆک دووبارە دەبێتەوە کە بەردەوامن لە پڕچەککردنی سەدام حسێنی ئەم سەردەمە، کە ڕەجیب تەیب ئەردۆغان-ە و بەردەوامە لە کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد" لە راگەیەندراوەکەشدا ئاماژە بەوەکراوە کە نابێت ڕێگە بدەن تاوانێکی دیکەی وەک هەڵەبجە دووبارە ببێتەوە، "بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا پێویستە دەستبەجێ هەڵوەستە بکەن لەسەر فرۆشتنی چەک بە تورکیا و هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی دڕندە لە ئەنقەرە بوەستێنن"، جەختیشدەکاتەوە کە "پێویستە ئەردۆغان وەک تاوانبارێکی جەنگ ببرێتە دادگای لاهای".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا چەند داواکارییەک ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا کراوە:

دەستبەجێ چالاکوان و ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و سەرجەم زیندانیانی بادینان ئازادبکرێن.

ئاشکرا کردنی وردەکاریی تەواوی ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوت کە لەنێوان تورکیا و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.

هاودەنگبوون لەگەڵ خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد، هەروەها دەرخستنی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ڕیزی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکاندا.

– بەجینۆساید ناساندنی شاڵاوی ئەنفال لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و بەدیهێنانی دادپەروەریی بۆ قوربانیان و ڕزگاربووان و لێپرسینەوە لە تاوانباران.