وتەکانی بێتی لە یادەوەری مێژوودا

بێتی فریدان، کەسایەتییەکی دیاری بزووتنەوەی ژنانی ئەمریکا، تیشکی خستەسەر پرسی ژنانی ماڵەوە و دەڵێت: ئەوان لە زیندانێکی کراوەدا دەژین کە کاریگەری لەسەر خەون و خواستەکانیان دەکات.

بێتی فریدان، نووسەر و چالاکوان و فێمینیستێکی ئەمریکییە، لە ساڵی ١٩٢١ لەدایکبووە و لە ٢٠٠٦دا کۆچی دوایی کردووە، کەسایەتییەکی دیاری بزووتنەوەی ژنانە لە ئەمریکا، لە ساڵی ١٩٦٦ بەشداری لە دامەزراندنی ڕێکخراوی نیشتمانی بۆ ژنان کردووە و وەک یەکەم سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە هەڵبژێردراوە.

 

وەک نووسەر و بیرمەندێکی کاریگەر لە ئەمریکا، تا کۆتاییەکانی نەوەدەکان لە سیاسەت و حزبایەتیدا بە چالاک ماوەتەوە، لەو ماوەیەدا شەش پەرتوکی نووسیوە، شانازیی سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمی فێمینیزمی ئەمریکی لە سەدەی بیستەمدا دەگەڕێتەوە بۆ پەرتوکەکەی بە ناوی “نهێنی ژنانە”، کە لە ساڵی ١٩٦٣دا بڵاوکرایەوە، تیایدا باسی لە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە پیشەسازییەکان کردووە، بەتایبەتی ڕۆڵی ژنانی ماڵەوە.

 

لە وتاری دەرچوونیدا لە کۆلێژی سمیس لە ساڵی ١٩٨١ باسی لە قۆناغی دووەمی بزووتنەوەی فێمینیست و پەیوەندی نێوان فێمینیزم و خێزان کرد و ئاماژەی بەوە کردووە، "هەر کچێک توانی تا کۆتایی خۆڕاگری بکات، یارمەتی ئەوانی دیکە دەدات بەرەو پێشەوە بچن. هەر ژنێک بەرەنگاریی بەربەستەکان دەبێتەوە، ئاسانکاری بۆ کچەکەی لە داهاتوو دەکات".