"خۆڕاگری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان وەڵامێکە بۆ دوژمن"

٢٥ ساڵ بەسەر پلانگێڕی نێودەوڵەتی ٩ی تشرینی یەکەم دژی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان تێدەپەڕێت، ژنانی باشووری کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی پیلانگێڕییەکە، داوای یەکڕیزی بۆ شکاندنی گۆشەگیری دەکەن.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، ٩ی تشرینی یەکەم، ساڵڕۆژی کۆمپلۆی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، ژنانی باشووری کوردستان لە شاری سلێمانی ڕاگەیەندراوێکیان بۆ رای گشتی خوێندەوە و ڕایانگەیاند، "خۆڕاگری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان وەڵامێکە بۆ دوژمن".

 

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن ڕوناک مەجید، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان سیستەمێکی نوێی بەڕێوەبەردنی هێنایە کایەوە، دەوڵەتانی زلهێز و دەوڵەتی تورکیا هەوڵی کپکردنی ئەو خەباتە دان کە ڕێبەرەکەمان چەندین ساڵە بەڕێوەی دەبات، لە کاتێکدا گەلی کورد مەترسی لەناوچوون و سڕینەوەی شوناسی لەسەر بوو هیچ ئاسۆیەک شک نەدەبرا خۆری تێکۆشانی بۆ گەلەکەمانی لێوە هەڵبێت، ڕێبەری گەلی کورد و ئازادیخوازان بیری ئازادی کوردیان لەلا گەڵاڵە بوو.

 

وتیشی"لە فکری ڕێبەر ئۆجالاندا ئازادی ژن کە بناغەی ئازادی کۆمەڵگەیە، جێگەی کرایەوە، بۆیە دەبینین ئەو ژنانەی لەسەر فکری ئەون خاوەنی دنیا بینی و خۆبوونێکی جیاوازن، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی دەوڵەتانی داگیرکەر پلانگێڕیەک دژی ڕێبەری گەلی کورد ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی چیتر کاریگەری ئەو فکرە لەسەر خەڵکی نەمێنێت، بەڵام ئەم پلانگێڕییە خەباتی ڕێبەرەکانی نەوەستاند و خۆڕاگرییەکی لە زینداندا وەڵامێکە بۆ دوژمنان."

 

٢٥ ساڵ پێش ئێستا لە پلانگێڕی نێودەوڵەتی و بە هاوکاری دەوڵەتە زلهێزەکان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد و تا لە ١٥ی شووباتی ١٩٩٨ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە درێژەی هەمان پیلانگێڕی لە کینیا دەستبەسەر کرا و سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.